Mohammed Baqi Hussein
06 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2015
دەركەوت كە رژێمەكەی ئەسەد و رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە وا دەردەكەوێت لە سووریا لە شەڕدان، جگە لە بازرگانی نەوت هەماهەنگییەكی قووڵ لەبوارەكانی غازی سروشتی و كارەباشدا لەنێوانیاندا هەیە.
لەكاتێكدا كە داعش دەتوانێت كارەبا و غازی سروشتی لەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد ببڕێت، خۆی لەو كارە دەبوێرێت و مانەوەی ئەسەد دەستبەر دەكات.
لە بۆردومانەكانی نیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا كە لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی رووسیاوە بۆ سەر شاری دێرزووری ژێر كۆنترۆڵی داعش ئەنجام درا، ژمارەیەك بیری نەوت و بنكەی غازی سروشتی زیانیان بەركەوت. لەو ناوچانەی بەدەست رژێمی سووریاشەوەن زیان بە هەندێك بۆری غازی سروشتی گەیشت بوو. بەو هۆیەوە لە وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای رژێمدا كێشە درووست ببوو. ئەمەش ببووە هۆی بچڕاندنی كارەبا لە چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی رژێمدا.
بەپێی داتاكان، زیاتر لە نیوەی وزەی كارەبای سووریا لە غازی سروشتی بەرهەمدەهێنرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە هێڵەكانی گواستنەوەی غازی سروشتی بەشێوەیەكی تەندروست كار دەكەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەكانی ئەمنییەوە دەستی كەوتووە، هەواڵگری توركیا توانیویەتی بەو لێدوانانە بگات كە دەریدەخەن رژێمی سووریا و رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ رێگرتن لەو كێشانە لەهەماهەنگیدان.
بەپێی تۆمارەكان، رژێمەكەی ئەسەد هەفتەی رابردوو تیمێكی ناردۆتە ناوچەیەكی سەربە پارێزگای دەێرەزوور كە بەدەستی داعشەوەیە بەمەبەستی چاككردنەوەی بۆرییەكانی غازی سروشتی.
وا دەردەكەوێت كە شوێنەكە نزیكی بارەگەیەكی سوپای رژێم بێت و لەو فەرمانەی كە لەلایەن هەواڵگری توركیاوە تۆماركراوە، فەرمان دەكرێت تەقە نەكرێت لەو تیمەی دەچێتە نێو سنووری ناوچەی ژێر دەستی داعش و بۆرییەكان چاكدەكەنەوە.
فەرمانەكە گومانی ئەوە بەبیردا دەهێنێت كە ئەو تیمە كارمەندی سەربە رژێم نەبن، بەڵكو كارمەندی تەكنیكی بیانی بن و لەلایەنێكی سێیەمەوە نێردرابن.
ئەوەیش دەردەخات كە پێشتر داعش لەگەڵ رژێمی ئەسەد رێككەوتووە لەسەر ئەوەی رژێم تیمێك بنێرێتە ناوچەیەكی ژێر كۆنترۆلی ئەو.
لەو فەرمانەدا هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە لەنێوانیاندا رێككەوتن بۆ راكێشانی غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا هەیە و مەبەستی داعشە.
بابەتی بازرگانی نەوتی داعش و رژێمی سووریا بەم دواییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەنگی دایەوە.
ئەوە زانراوە كە بەهۆی قەیرانی سووریاوە بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتەدا وەستاوە و ئەسەد رووی لە داعش كردووە بۆ دەستخستنی نەوت. داعش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بە تانكەر و بە بۆری نەوت بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێم دەنێرێت. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لەكۆتایی مانگی رابردوودا ناوی چەند كەسێكی خستە لیستی سزاكانەوە كە بازرگانی نەوتی نێوان داعش و رژێم ئەنجام دەدەن. حكوومەتی ئەمریكا و هەندێك لە وڵاتانی ئەورووپی لەم هەفتەیەدا باسیان لە بازرگانی نەوتی نێوان داعش و ئەسەد كرد بوو.