ھەولێر
لێژنەی پێشمەرگە رایدەگەیەنێ مۆڵەتی شەش مانگیان داوەتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە لەوانەی كە یەكنەخراونەتەوە، بەگەشبینیشەوە باسی نەمانی ھێزی چەكداریی حزبی پاش ئەو ماوەیە دەكات.
جێگری سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەھیدان و قوربانییانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان دلێر مستەفا حوسێن لە ھەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات كەمترین چەكی قورس لەلایەن وڵاتانی ھاریكارەوە گەیشتووەنەتە ھەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕوونەوەی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش.
دلێر مستەفا لەبارەی ئەو وڵاتانەشی كە ھاوكاریی سەربازیی ھەرێمیان كردووە دەڵێ "تا ئێستا نۆ تا دە وڵات چەك و كەلوپەلی سەربازییان وەكو ھاوكاری ناردووە بۆ ھەرێمی كوردستان، ئەو چەكانەش لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە وەردەگیرێن و بەسەر ھەشت میحوەرەكەی شەڕ لەگەڵ چەكدارانی داعش، بەیەكسانی و بەپێی پێویستی ئەو میحوەرانە و شەڕەكان دابەش دەكرێن."
لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونی دلێر مستەفا ناسراو بە دلێر ماوەتی، "ئەو چەكانەی گەیشتوونەتە ھەرێم جێی تموحی ئێمە نییە، چونكە بە رێژەی ئەو چەكانەن كە لە دەستی خۆماندان، ھەندێ وڵاتیش بە رووكەش بەشدارییان لە ھێنانی خوزە و جلوبەرگ و كۆمەڵێك پێداویستی سەربازیی دی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەكی لە جۆری ئاربیجی و بیكەیسی و موشەكی گراد و چەكی بچكۆلە و تەقەمەنییان بۆ ھاتووە."
ماوەتی داوایەكی ھەرێمی كوردستان لەرێگەی حكومەت و سەرۆكایەتی ھەرێمەوە بۆ ناردنی چەك و كەلوپەلی سەربازی ئاشكرا دەكا و دەڵێ "ھەرێمی كوردستان لەرێگەی حكومەت و سەرۆكایەتی ھەرێمەوە لیستی پێویستیی چەكەكانی داوە بە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و چەند وڵاتێكی دی بۆ ئەوەی رووبەڕووی داعش ببینەوە، لەنێویاندا كۆپتەر و تانك و زرێپۆش ھەن، بەڵام ئەو چەكانەی ھاتوون قورس نیین، ئەگەر ھەشبن زۆر كەمن."
ماوەتی سەرباری ئەوەی بۆ ئانادۆڵو گوتی ھەرێم ھەرچییەكی پێبگا وەریدەگرێ لە ھاوكاری سەربازی، دەشڵێ لە قۆناغی ئێستادا بەھۆی قورسیی ئەو چەكانەی بەدەستی چەكدارانی داعشەوە ھێزەكانی پێشمەرگە بۆ تێكشاندنیان پێویستی بە چەكی قورس زیاترە.
لەمەڕ ھۆكاری نەگەیشتنی چەكی قورسیشەوە دەڵێ ئەو وڵاتانە خۆیان ناینێرن و حكومەتی عێراقیش لێناگەڕێ بگاتە ھەرێم. ئەو قسانەی رەت دەكاتەوە گوایە چەكی قورس كە بڕیار بووە بگاتە دەستی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە فڕۆكەخانەی بەغداوە نێردرابێتەوە بۆ شوێنی خۆی.
شەش مانگ مۆڵەت بۆ یەكگرتنەوەی پێشمەرگە
لەبارەی یەكگرتنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە كە لەدوای ھێرشەكانی چەكدارانی داعش و نزیكبوونەوەیان لە سنوورەكانی ھەولێر رەخنەی زۆر توند لە فرەیی ھێزەكان گیران دلێر ماوەتی دەڵێ "حزبایەتی لە كوردستان جیاوازبووە لە رۆژئاوا، لێرە ئەركی حزبەكان قورستر بووە، بەتایبەت لە خەباتی رزگاریی نیشتیمانیدا كە ئەركی سەركردایەتی خەباتی چەكداری لەخۆگرتووە."
ماوەتی دەشڵێ: "ئێستا ١٢ لیوای پێشمەرگە یەكیانگرتووەتەوە، دوو ھێزی تر ماون ئەوانیش ھێزەكانی حەفتا و ھەشتان و خۆیان لە چەندین فەرماندەیی دەبیننەوە، بەپێی بڕیاری ژمارە ١٩ی پەرلەمان كوردستان مۆڵەتی شەش مانگ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دانراوە بۆ یەكخستنەوەیان كە گەشبینین لەو ماوەیە ئەوە بكرێ، بەتایبەت ھەردوو حزب كە ئەو دوو ھێزەیان ھەیە واتە یەكێتی و پارتی پێداگرن لەسەر بوونی ھێزێكی نیشتمانی ستانداردی پڕۆفیشناڵ، پێشبینی دەكەم پاش شەش مانگەكە لەكوردستان ھێزی چەكدار نابینین."
لەبارەی وردەكاریی ئەو ھێزە چەكدارانەی لە ھەرێمی كوردستاندان و شەڕی داعش دەكەن ماوەتی دەڵێ:" لەكوردستاندا ١٢ لیوای پێشمەرگە و ھێزەكانی پشتیوانی یەك و دوو و ھێزەكانی زێڕەڤانی و ھێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن چەندین ھێزن لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەدان و بە درێژایی ١٠٥٠ كیلۆمەتر لە زاخۆوە بۆ خانەقین بەسەر ھەشت میحوەردا دانراون و وەزارەتی پێشمەرگە ھەر میحوەرێك سەرپەرشتیارێكی بۆ داناوە و خەریكی بەرگریین."
لەمەڕ ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگەشەوە دەڵێ:" زۆرن بەڵام لیواكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی حەفتا و ھەشتا كە نزیكەی ١٠ فەرماندەیی دەبن و ھێزی پشتیوانی یەك و دوو كە چەكە قورسەكانییان لایە و ھێزی زێرەڤانی و چەندین جۆر ھێزی تریشمان ھەیە كە نزیكەی ١٥٠ ھەزار چەكدار دەبن."
روونیشی دەكاتەوە پێشمەرگە بەرەو ئەوە دەچێ بكرێتە ھێزێكی نیشتمانیی پڕۆفیشناڵ، دەشڵێ "پێشتر حزبەكان سەرپەرشتی ھێزی پێشمەرگەیان كردووە، بۆیە پێویستمان بەوە ھەیە ئەو ھێزە بكرێ بە ھێزێكی پڕۆفشناڵ و دەبێ ھێزە چەكدارەكان دووربكرێن لە دەستی حزبی و سیستەمێكی پتەوتر بونیادبنێین."
باس لەوەش دەكات كە چەند جارێك لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دانیشتوون و ئەوانیشی بەرنامەیەكیان ھەیە بۆ یەكخستنەوەی ئەو بەشەی ماوەتەو بە سوود لە سیستەمی سەربازی وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگرن، دەشڵێ "لەرێگەی پڕۆژەوە ھێزی پێشمەرگە بەتەواوەتی یەكدەخەین."
جێگری سەرۆكی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەو ژمارەیە لە چەكدار بۆ ھەرێمی كوردستان كە نزیكەی پێنج ملیۆن دانیشتوانەكەیەتی بە زۆر نازانێ، لەو رووەوە دەڵێ "بەپێی ستانداردی جیھانی ھێزی سەربازیی رێژەی خۆی ھەیە، بەڵام بارودۆخی كوردستان جیاوازە، چل ساڵە لە خەبات لەگەڵ ھێزە دیكتاتۆرەكاندا رزگاری بووە ، لەم ماوەیەدا دەركەوت ئەم ناوچەیە تا چەندین ساڵی دیكەش جێگیر نابێ، ئەوەش بەھۆی دەركەوتنی چەندین گروپی ژێر دیواری وەكو داعش، بۆیە ھەموو لایەك گەیشتووونەتە ئەو قەناعەتەی ھێزی چەكدار چەند زۆر بێ جێگیری زیاتر دەبێ، بۆیە لەسەر ژمارەی ھێزی پێشمەرگە رەنگە كێشەمان نەبێ لەگەڵ بەغدا."
ماوەتی لەبارەی ھەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لەسەر پڕچەككردنی ھێزی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستییەكانییان دەڵێ: "عەبادی نیو رازی بووە لەسەر داواكارییەكانی شاندی دانوستانكاری كوردی لەبارەی كوردەوە."
لەبارەی ئەو "نیوە رازی"یشەوە دەڵێ: " ئەوان باس لە ناوەكە دەكەن كە بكرێ بە پاسەوانی سنوور و ژمارەكەیان دیاری بكرێ، ھەروەھا بەڵێنی ئەوەشیان داوە پێشمەرگە پڕچەك بكرێن و پێداویستییەكانییان بۆ دابین بكرێ."
داعش لە خۆكۆكردنەوەدان بەرەو سوریا
لەبارەی دوایین پێشھاتەكانی شەڕی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعش جێگری سەرۆكی لێژنەی پێشمەرگە دەڵێ:"چەندین وڵاتی ھەرێمی و سیناریۆی ھێشتا ئاشكرانەبوو لەپشتی ئەو رێكخراوەوەیە، دەشڵێ:" لەم قۆناغە ھێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویی رۆژانەیدایە و پێم وایە داعش لە خۆكۆكردنەوەن بۆ چوونە نێو سوریا."
لەمەڕ دوایین كۆبوونەوەی ھەفتانەی لێژنەكەشیانەوە كە دوێنێ یەكشەممە سازكرا دلێر مستەفا حوسێن گوتی: "لەو كۆبوونەوەیە پێشھاتەكانی بەدواداچوونی بڕیاری ژمارە ١٩ی پەرلەمانمان خستەبەرباس، ئەو بڕیارە لە ٢١ خاڵ پێكدێ و تایبەتە بە باشتركردنی وەزعی پێشمەرگە و ھاوتاكردنی موچەكەی و دابینكردنی پێداویستی و خواردەمەنی ستاندارد و پێدانی موچەكەی بەر لە فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دی، ھەروەھا بەدواداچوون بۆ یەكگرتنەوەی ھێزەكانی حەفتا و ھەشتا."
لەدواین پرسیاریشدا لەبارەی سیستەمی سەربازكردنی بەزۆر و جێبەجێكردنی دلێر مستەفا دەڵێ: "پاش رەوینەوەی مەترسییەكانی داعش یەكەمین كاری ھەرێمی كوردستان بە پێویستی دەزانێ رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگەیە لەشێوەی بەسەربازكردن، دەشڵێ:" چەندین بژاردەمان لەپێشە و نموونەی چەند وڵاتێكی پێشكەوتوو لەو روەوە وەردەگرین، لەنێویاندا سەربازكردنی بەزۆر یەكێكە لە بژاردەكان."
news_share_descriptionsubscription_contact



