قاهیرە
دوای ئەوەی بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی نیویۆركیان كردبوو، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكاندا، سەرکۆماری میسر عەبدولفەتاح سیسی و شا عەبدولڵای دووەمی ئوردن كۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئۆفیسی رۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆماری میسر بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە كە سیسی و شا عەبدولڵا تاوتوێی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشهاتەكانی ناوچەكەیان كردووە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پاراستنی یەكڕیزی خاكی عێراق و پشتگیریكردنی حكومەتی عێراقی کردووەتەوە، هاوكات پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ دۆخی سوریا و پشتگیریكردنی دامەزراوە شەرعییەكانی لیبیا و دەستپێكردنی دیالۆگێكی نیشتیمانی كە سەرجەم پێكهاتەكانی لیبیا لەخۆبگرێ.
هاوكات هەردوولا سووربوونە لەسەر بنیاتنانەوەی غەززە كە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیانێكی زۆری بەركەوتووە.
سیسی و شا عەبدولڵا بە مەبەستی توندتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا، ئاماژەیان بەوەكردووە کە دەبێ هەردوولا لە گفتوگۆدابن.