03 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2018
ئیدلب - AA
لەئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی رژێمی ئەسەد و رووسیا بۆ سەر باشووری ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ٥٨ هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و ١٦٠ هاووڵاتیی دیکە برینداربوون.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئیدلب، موستەفا حاجی یوسف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ەوە تاوەکو ئێستا رژێمی ئەسەد و رووسیا زیاتر لە ٢٠٠ هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە.
حاجی یوسف باسی لەوەکرد لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکاندا، ٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٧یان ژن و ١٣یان منداڵن و ١٦٠ کەسی دیکە برینداربوون کە زیاتر لە ٧٠ کەسیان ژن و منداڵن.
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە بۆمبی فسفۆڕ، ناپاڵم، بەرمیلی کە بەکارهێنانیان قەدەغەیە، بەکاردەهێنرێن و زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر ئەو ناوچانەیە کە هاووڵاتییانی سڤیلی لێ نیشتەجێن.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئیدلب، موستەفا حاجی یوسف گوتیشی: ''لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ هێرشی ئاسمانیی ئەنجامدراون. ٩٦ بۆمبی بەرمیلی بەکارهاتوون. ٧٥٩ مووشەکی زەمین بە زەمین ئاراستەی ناوچەکە کراوە''.