Mustafa Deveci
03 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2021
قودس- AA
بەهۆی پەلاماری هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خۆپیشاندانێکی فەڵەستینییەکان ٨٧ فەڵەستینی برینداربوون.
فەڵەستینییەکان، دژ بە درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی جوولەکە لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای کەناری رۆژئاوا، خۆپیشاندانیان کرد.
لەبەرامبەردا هێزەکانی ئیسرائیل بە گازی فرمێسکڕێژ، گوللەی پلاستیکی و راستەقینە رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە.
مانگی سووری فەڵەستین، لە راگەیهندراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە سێ لە خۆپیشاندەرەکان بە گوللەی راستەقینە و ٨٤ خۆپیشاندەریش بە گوللەی پلاستیکی و گازی فرمیسکڕێژ برینداربوون، سێ لە بریندارەکانیش کارمەندی تەندروستین.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە ئیسرائیل کەناری رۆژئاوای فەڵەستینی داگیر کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە ٢٥٠ یەکەی نیشتەجێبوونی جوولەکەی تێدایە کە بووهتە شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر لە ٤٥٠ هەزار جوولەکەی هاوردە، ئەمەش ژیانی فەڵەستینییەکانی کەناری رۆژئاوای سەخت کردووە.