Hasan Esen
09 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2021
لەندەن – AA
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵێبا راگەیاند لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە، ئەوا ژمارەیەکی زۆر سەربازی رووسی دەکوژرێن.
دمیترۆ کوڵێبا لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی سکای نیوز لە میانی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا، ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ بەرپەرچدانەوەی رووسیا، لەگەڵ ھاوپەیمانانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا کاردەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئۆکراینا ئامادەیە بەرگری لە وڵات بکات و گوتی: "ئەوان (ھاوپەیمانەکان) دەتوانن وەکو ئابووری ھێرش بکەن. ئێمەش لەسەر گۆڕەپانی جەنگدا شەڕ دەکەین. نیگەرانم بەوەی ئەوە دەڵێم، بەڵام ژمارەیەکی زۆر سەربازی رووسی دەکوژرێن و ئومێدەوارم سەرۆک پوتین ئەمەی ناوێت".
کوڵێبا ئەوەشی راگەیاند کە دەستپێشخەرییەکی سێ رەھەندییان ھەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی رووسیا کە لە پەیامی سیاسیی، سزای ئابووریی و ھەماھەنگی سەربازیی نزیکتر لەگەڵ ھاوبەشەکان پێکدێت و جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری شکستھێنانی ھەوڵەکانی بەرپەرچدانەوەی رووسیا، ئەوا چاوەڕوانی ئەوە ناکەن کە ھێزەکانی ناتۆ لە تەنیشت یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە دژی رووسیا شەڕ بکەن، بەڵام ئومێدەوارن پاڵپشتیان بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵێبا گوتی: "ئەو شتەی کە دەمانەوێت، ھاوکاریکردنمانە لەسەر رێگرتن لە شەڕ، بەڵام ئەگەر ھیچ بژاردەیەکمان لە بەردەستدا نەمێنێت لەبەر ئەوەی رووسیا شەڕی دەوێت، ئەوا دەمانەوێـت ھاوکارمان بن لە بەھێزکردنی سوپاکەمان".