Abdullah Shukur
03 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2017
واشنتۆن
لە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ٢٧ی کانوونی دووەم، لەبارەی قەدەغەی ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکا، ڤیزەی ١٠٠ ھەزار کەس ھەڵوەشایەوە.
پارێزەری حکوومەتی فیدڕاڵی ئەریز ریوڤێنی لە دوای پێشکەشکردنی داوانامەیەک لە لایەن دوو ھاووڵاتی یەمەنی کە خاوەنی کارتی سەوزن و کێشەیان لە ھاتنیان بۆ ئەمریکا دەرچووە، لێدوانێکی لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بڕیارەکەی ترەمپ زەرەمەندبوون پێشکەش کرد.
ئەریز ریوڤێنی کە پارێزەری نووسینگەی کۆچبەرانی وەزارەتی دادی ئەمریکایە، لەسەر داوای دادوەر رایگەیاند کە نزیکەی ١٠٠ ھەزار ڤیزە لە دوای بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قەدەغەی ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵاتی ئیسلامی ھەڵوەشاوەتەوە.
ریوڤێنی ئاشکراشی کرد کە تاکو ئێستا ھیچ کەسێک کە خاوەتی کارتی سەوزن، رێگری نەکراوە لە ھاتنە ژوورەوەی وڵات.
لەوەوپێشیش کۆشکی سپی رایگەیاندبوو کە تاکو ئێستا رێگە بە ١٠٩ کەس نەدراوە بۆ ئەوەی بێنە ئەمریکا.
لە لایەکی دیکەش یەکێتی ئازادییەکانی سڤیلی ئەمریکی دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردبووەوە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە فڕۆکەخانەکان دەستگیر کراون و بەرەو وڵاتەکانیان نێردراونەتەوە و راشیگەیاندبوو ئەو ژمارەیەی کە حکوومەت ئاشکرای کردووە، دوورە لە راستی.
لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکا دەرکرد.