Ramal Mahmood
03 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2017
لەبەرامبەر بڕیاری راگرتنی ڤیزە پێدان بە هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی کە زۆربەی دانیشتوانەکەی موسوڵمانن کە ئێرانیشی لەنێودایە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، حکوومەتی ئێران رایگەیاند کە رێگە نادات وەرزشوانانی ئەمریکی بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهانی زۆرانبارزی سەربەست بکەن کە لە شاری کرماشان بەڕێوە دەچێت.
ئاژانسی هەواڵی ISNA رایگەیاندووە فیدراسیۆنی زۆرانبازانی ئێران نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی یەکێتیی فیدراسیۆنەکانی زۆرانبازی جیهانی، نیناد لالۆڤیچ کردووە و داوای کردووە لەبری تیپی زۆرانبازی ئەمریکی تیپێکی دیکە تۆمار بکەن بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی جیهانی زۆرانبازی سەربەست کە لە ١٦-١٧ی شوبات لەشاری کرماشان بەڕێوە دەچێت. لەنامەکەدا بڕیارەکەی ترەمپ بە "دوور لە دیپلۆماسییەت" و "نائەخلاقی و نامرۆیی" لە قەڵەم داوە و ئاماژەی بەوەش کردووە لەبەرامبەر ئەم بڕیارەدا ئەوانیش رێگە بە وەرزشوانانی ئەمریکی نادەن بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن.
لەم پاڵەوانێتییەدا تیپی زۆرانبازی هەریەک لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، رووسیا، ئازەربایجان، هیندستان، جۆرجیا و مەنگۆلیا بەشداری تیادا دەکەن.