Sangar Hamad Azeez
13 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
بە سەرپەرشتی رووسیا، لە رۆژھەڵاتی شاری حەلەب ئاگربەست لە نێوان ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا راگەیەنرا. چاوەڕوان دەکرێت لە یەکەم هەنگاودا دەستبکرێت بە چۆڵکردنی ناوچەکە لە هاووڵاتییانی سڤیل.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەدەستی کەوتووە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێوان نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و رژێمی ئەسەد بە سەرپەشتی رووسیا ئەنجام درا، لایەنەکان رێککەوتن لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، لە یەکەم هەنگاودا دەست دەکرێت بە چٶڵکردنی ناوچەکە لە هاووڵاتییانی سڤیل. هەر بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەیەک پاس بۆ ناوچەکە ڕەوانە دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت دووەم هەنگاوی ئاگربەستەکە بریتی بێت لە چۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە بەبێ شەڕ.
راگەیەندرا کەوا ئۆپۆزسیۆنی سووریا بڕیاریداوە دەستبەرداری بەشێکی زۆری شارەکە بێت بۆ رژێمەکەی ئەسەد.