Qais Omar Darwesh Omar
02 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2024
ڕامەڵڵا – AA
وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی فەڵەستین ڕایگەیاند کە لە ئاکامی ھیرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ، چوار ھەزار و ١٥٦ قوتابی کوژراون و حەوت ھەزار و ٨١٨ی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی فەڵەستین لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئاکامی ھیرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ، چوار ھەزار و ١١٩ قوتابی کوژراون و حەوت ھەزار و ٥٣٦ی دیکەش برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی ھیرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەناری ڕۆژئاوا لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ، ٣٧ قوتابی کوژراون و ٢٨٢ی دیکەش برینداربوون، ھەروەھا ٨٥ قوتابی دیکەش دەستگیرکراون.
باسی لەوەش کردووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، ٢٢١ مامۆستا کوژراون ، ٧٠٣ی دیکەش برینداربوون، ھەروەھا ٧١مامۆستایش لە کەناری ڕۆژئاوا دەستگیرکراون و پێنجی دیکەش برینداربوون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیلدا تا ئێستا، زیانی زۆر بە ٢٧٨ قوتابخانەی حکوومی ، ٦٥ قوتابخانەی سەربە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) لە غەززە کەوتووە، ھەروەھا زیانی زۆریش بە ٣٨ قوتابخانە لە کەناری ڕۆژئاوا کەوتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل، بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ زیان بە قوتابخانەکان کەوتووە، ھەروەھا ١٣٣ قوتابخانەش لە غەززە کراون بە کەمپی ئاوارەکان.