Ferdi Türkten,reva haci
15 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاند، "بۆ بەرەنگاری تیرۆر داوای یارمەتی لەکەس ناکەین هەرکاتێک هەلومەرجەکان لەباربوون، مافی ئەوەمان دەبێت کە ئەو تیرۆریستانەی لە خاکی سووریاوە هەرەشە لە وڵاتمان دەکەن، بیانکەینە ئامانج".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی "هاوکاری رووسیا و تورکیا، گرنگی چارەسەری بۆ سووریا" بۆ رۆژنامەی کۆمەرسانت-ی رووسی نووسی.
لە وتارەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە کە جەنگی ناوخۆی سووریا کە لە ٢٠١١ ەوە بەردەوامەو سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی بەهۆیەوە، لەگەڵ بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی سەربازەکانیان چۆتە قۆناغێکی ترەوەو تێیدا باس لەوە دەکات لە گفتوگۆکانی کانوونی یەکەمدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ تورکیا سووربوونی خۆی نیشان داوە لەهەمبەر هەنگاونانی جدی بۆ سەرلەنوێ گێرانەوەی سەقامگیری و ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست.
لە بەشێکی تری گوتارەکەدا ئەردۆغان خواستی خۆی بۆ بەردەوامیی دان بە هاریکاریی لەنزیکەوەی لەگەڵ رووسیا دووپات کردۆتەوە کە لە قۆناغی ئەستانەوە دەستیان پێکردووە و دەڵێت،" کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا هەنگاوێکە بە ئاراستەی راست. بەڵام تەنیا لەلایەن ئەو وڵاتانەوە دەتوانرێت چارەسەری ئەو قەیرانەی سووریا بکرێت کە بە چارەسەرکردنی سوودمەند دەبن و بە قوڵبوونەوەشی زیانیان لێ دەکەوێت".
لەو بارەیەوە تورکیا لایەنگری لە چارەسەرێکی سیاسیانە دەکات بۆ گەڕانەوەی ئەو مرۆڤانەی لەماڵ و جێی خۆیان بوون بەهۆی توندوتیژییەکان و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کە نوێنەرایەتی تەواوی کۆمەڵگەی سووریا بکات.
ئەردۆغان جەختی کردۆتەوە لە بەردەوامیدان بە هاریکاری هاوکاتی نێوان تورکیا و فیدراسیۆنی رووسیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و دەڵێت، "لەکاتێکدا رێککەوتنی ساڵی پارمان لە ئیدلب لە ئەنجامی دانوستانەکان و پێکەوە کارکردنمان، نموونەیەکی سەرەکییە بۆ گرنگی پاراستنی بەرژوەندییەکانی گەلی سووریا و وڵاتەکانیشمان".
- زەمینەی رێککەوتن و خاڵی مەرجەع
ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەدات کە لەلایەکی ترەوە لەماوەی هەفتەکانی دواییدا شایەتی ئەوە بوون هەندێک پێکهاتە کە لە ئەمریکا چالاکی دەنوێنن، لەهەوڵی رێگری کردندابوون لە بڕیاری کشانەوەکە کە رۆڵێکی باش دەگێڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا و لەدرێژەدا دەڵێت:
"وەک تورکیا، خاڵی مەرجەعی، زەمینەی ئەو رێککەوتنەیە کە لە ئەنجامی گفتوگۆکانم لەگەڵ بەرێز ترەمپ هاتوونەتە ئاراوە".
ئهردۆغان دهشنووسێ: "لەلایەکی ترەوە دەبینین لەرێی بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژە وەک ئەوەی 'با کوردە هاوپەیمانەکانمان بەجێ نەهێڵین' یان 'تورکیا کوردەکان دەکوژێت' بڵاو دەکرێنەوە کە ئامانج لێی فشار خستنە سەر ئیدارەی ترەمپە. دەمەوێ بڵێم تورکیا هیچ کێشەیەکی نە لەگەڵ کوردەکانی سووریا و نە لەگەڵ هیچ دراوسێیەکی دیکەی سنوورەکانمان نییە. ئەو دەنگۆ بێ بنەمایانەی لە ناوەندی ئەمریکییەوە بڵاو دەکرێنەوە، تەنیا وێنای تێڕوانینی بەرژوەندی گرووپگەلێک دەکات نەک راستییەکان".
ئەردۆغان بەڕوونی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان هیچ کاتێک ئارامیان نابێت بەرامبەر ئەو لایەنەی کە هەڕەشە دروست دەکات جا چی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا یان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
-"ئەمریکا مەڕەکانی بە گورگ سپاردووە"
ئەردۆغان لەبەشێکی تردا ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەماوەی ساڵانی دواییدا مەشقی بە تیرۆریستانی پەیەدە/یەپەگە ی درێژکراوەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سووریا کردووە و چەکی پێداون و پشتگیری کردوون و ئەمەش بە هەنگاوی کێشەدار لە رووی ئەخلاقی و ستراتیژییەوە وەسف دەکات و دەڵێت، "هەنگاوێکە لەژێران ناوی بەرەنگاری رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا نراوە، بەهەڵەداچوونی ئەمریکایە کە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو سووریانەی لەژێر فشاری داعشدابوون، کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوێکی تری تیرۆریستیەوە".
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان نوسیوێتی:
"بەدەستەواژەیەکی تر ئەمریکا مەڕەکانی بە گورگ سپاردووە. بگرە بەهۆی ئەو سیاسەتە کێشەدارەی پەیڕەو کراوە، سەرەتا سانسۆڕ خراوەتە سەرئەو سایتە ئینتەرنێتیانەی کە دان دەنێت بە پەیوەندی پەکەکە-پەیەدە دواتر لەژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکهاتەیەکی تری دەستکرد دروست کراوە. ئەو بەشانەی ئەم نەخشە رێگایەیان کێشاوە، ئەمڕۆ بەردەوامن لە شاردنەوەی راستییەکانی پەیەدە/یەپەگە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە هیچ کاتێک درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا دڵسۆز نەبووە لەبارەی بەرەنگاری دژی تیرۆر. بە پێچەوانەوە هەوڵیان دا کە بە بیانووی بەرەنگاری داعش، دروست کردنی دەوڵەتی تیرۆر بکەنە ئامانجی خۆیان، ئەویش بە قەناعەت پێکردنی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا. ئێمە وەڵامی خۆمان بۆ ئەم پرۆژەیە لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونەوە داوەتەوە بە دەرکردنی رێکخراوەکە لە ناوچەی عەفرین. لە ماوەی داهاتووماندا لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانماندا هەنگاوی پێویست دەنێین بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی دراوسێمان.
- ئەو دەنگۆیانە هیچیان راست نین
ئەوەی ئەمڕۆ هەندێک لایەنی ئەمریکی سوورن لەسەر ڕەچاونەکردنی، ئەوەیە کە ئەم رێکخراوە نوێنەری کوردەکانی سووریا ناکات، بەپێچەوانەوە زۆرێک لە خراپەکاریان دەرهەق بە هاووڵاتیانی بەرەگەز کورد لە سووریا ئەنجام داوە. هەڵهاتنی دەیان هەزار کوردی سووریا لە ژێر فشاری رێکخراوەکە و جێگیربوونیان بۆ ساڵانێک لە تورکیا نموونەیەکی بەرچاوی ئەم دۆخەیە. هەربۆیە ئەو دەنگۆیانەی ماوەیەکە بڵاو دەکرێنەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەراستی و دروستییەوە نییە.
ئەردۆغان دەڵێت، "لە کەسەوە فێرنابم کە چی بکەم بەرامبەر رێکخراوێکی تیرۆریستی کە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە هاووڵاتیانم دەکاتە ئامانج، داوای یارمەتیش لەکەس ناکەین بۆ بەرەنگاری تیرۆر. کە هەلومەرجەکان لەبار بوون، مافی ئەوەمان پارێزراوە کە ئەو تیرۆریستانەی لە خاکی سووریاوە هەڕەشە دەکەنە سەر وڵاتمان بە ئامانجیان بگرین".
ئەردۆغان جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ئەوان هەرگیز خوازیارنین ئەو ئەنجام و دەستکەوتانەی لەچوارچێوەی قۆناغی ئاستانادا لەگەڵ فیدراسیۆنی رووسیا بەدەستیان هێناوە، بە ئاقارێکی خراپدا بڕوات و دەڵێت لەبارەی سەرلەنوێ دەستەبەر کردنی سەقامگیری و ئاسایش لە سووریا و دووبارەوە بنیاتنانەوەیدا، پێکەوە کار دەکەین هەروەک ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ داخستنی دەرچەی دەستێوەردانی دەرەکی لە سووریاو رێگری کردن لە هەڵسانەوەی رێکخراوە تیرۆریستیەکانی ترو داعش.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە کە هەڵوێستی تورکیا لەهەمبەر سووریا روون و ئاشکرایەو لەبارەیەوە دەڵێت،:
"لەناو بردنی ناسەقامگیری سنوورەکانمان لە باشوور، تەنیا و تەنیا بەهاریکاری هاوتا لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان دێتە دی. لەو چوارچێوەیەدا ناچارین سووربین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش و درێژکراوی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سووریا. ئەو کێشانەی ناوچەکەمان تەنیا لەرێی ئەو میللەتانەوە چارەسەر دەکرێت کە چارەنووسیان بەم جوغرافیایەوە بەستراوەتەوە. ئیتر کاتی ئەوە بەسەر چووە سیاسەت بەپێی هەڵمەتی سۆشیال میدیا دیاری بکرێت".
لە کۆتاییدا ئەردۆغان نوسیوێتی: "هەرلە سەرەتاوە تورکیا تاکە وڵات بووە دەربارەی قەیرانی مرۆیی ناوچەکەو ناسەقامگیریەکانی ئاشکرای کردووە کە چۆن بیر دەکاتەوە دەربارەی ئەوەی بەنیازە بیکات. هاوکات تاکە وڵات بووین بەڵێنی خۆمان بردۆتە سەر. هەر لەسەرەتای قەیرانەکەوە جەختمان کردۆتەوە لەوەی کە قەیرانەکە بە سیاسیانە چارەسەر دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا پشتگیری دۆست و هاوپەیمانەکانمان دەکەین لە بەرەنگاری تیرۆردا، ئامادەین بۆ هاریکاریەک کە ئاشتی و سەقامگیری بنیات بنێت".