Zana Natık Kerem
19 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
باڵیۆزی عێراق لە تورکیا، حەسەن جەنابی رایگەیاند لە مانگی داھاتوودا، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە نێوان ھەردوو شاندی عێراق و تورکیا ساز دەکرێت کە لە میانیدا بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی ٢٠٠٩ بدرێت کە تایبەت بە سەردانیکردنی گەشتیارانی عێراق و تورکیا بۆ وڵاتی یەکتر بەبێ ڤیزا.
حەسەن جەنابی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "یەکێک لە رۆژەڤی سەردانەکەی شاندی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بۆ ئەنقەرە، رێککەوتنبوو لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ٢٠٠٩ کە لە نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان ھەردوو وڵات واژووکراوە کە لە ماوەکانی رابردوودا بەھۆی مەترسی ئەمنییەوە لە لایەن تورکیاوە ھەڵپەسێردرابوو.
باڵیۆزی عێراق لە تورکیا، حەسەن جەنابی لە روونکردنەوەکەیدا گوتوویەتی: "لە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ٢٠٠٩ تایبەت بە چوونی ھاووڵاتییانی عێراق بۆ تورکیا بەبێ ڤیزا، تاوتوێکرابوو و دواتر لە ١٧ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشەدا رایانگەیاندبوو کە لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون".
حەسەن جەنابی گوتیشی:"لە کانوونی دووەمی داھاتوودا، کۆبوونەوەیەکی یەکلاکراوە لە نێوان ھەردوو شاندی عێراق و تورکیا ساز دەکرێت کە لە میانیدا بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی ٢٠٠٩ دەدرێت کە تایبەت بە سەردانیکردنی گەشتیارانی عێراق و تورکیا بۆ وڵاتی یەکتر بەبێ ڤیزا.