Mazın Asad
10 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(ُپنتاگۆن)، رۆب مانینگ رایگەیاند ھەڵپەساردنی رێکاری ڤیزا لە نێوان تورکیا و ئەمریکا، کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی تورکیا نابێت.
مانینگ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانی دایەوە.
گوتەبێژی پنتاگۆن ئاماژەی بەوە دا کە لە پرسی ھەڵپەساردنی رێکاری ڤیزا لە نێوان تورکیا و ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خاوەن زانیاری تێروتەسەلە و گوتیشی: "ئەو پێشھاتە دیپلۆماتیکیانەی کە لەبارەی تورکیا روویداوە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بە شێوەیەکی نوێکراو بۆمان دەگوازرێتەوە. بەڵام لێرەوە دەمەوێ بڵێم، تورکیا ھاوبەشێکی بەھێزمانە لە ھاوپەیمانان و ناتۆ. دەمەوێ ئەوە پەسند بکەم کە ئەم پێشھاتەیە کاریگەری نەخستووەتە سەر ئۆپەراسیۆنەکان و کارمەندەکانمان لەو شوێنە. ھێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لە بنکەی سەربازیی ئینجیرلیک لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمان و ناتۆ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی کارەکانی. ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە لە ئینجیرلیک و بنکە سەربازییەکانی دیکەی تورکیا لە دژی داعش بەڕێوەدەچێت، ھەمووی لە چوارچێوەی ھەماھەنگی و زانیارییە لەگەڵ تورکیا و پشتیوانی تورکیاش لەمبارەیەوە بەردەوامە. ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و یەکلاییەکان بە ھەماھەنگی بەردەوام دەبێت".