Hemn Baban
24 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2018
ھەولێر-AA
لە چەند شوێنێکی کەمی بەری راستی مووسڵ چەند ھەوڵێک بۆ ھەڵگرتنەوەی خاشاکی شەڕ و دەستکردنەوە بە بونیادنانەوە ھەیە، بەڵام ھێشتا چەند ساڵێکی دیکەی پێویستە تا بکەوێتەوە سەر پێ.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رۆژی ١٠ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٧ رزگارکردنی مووسڵ و دەرھێنانی لەدەستی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" راگەیاند، ئەوەش دوای زیاتر لە سێ ساڵ ھات کە شارەکە لەژێر قەڵەمڕەویی ئەو چەکدارانە دەیناڵاند و پتر لە نیوەی خەڵکەکەشی لەگەڵ ھاتنی چەکدارانی داعش بۆ شارەکە و کۆنتڕۆڵکردنی لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ ئاوارەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق بوون.
ئێستا لەدوای زیاتر لە شەش مانگ لەو راگەیاندنەی عەبادی بەوەی چیتر مووسڵ لەدەستی داعش نەما و کۆتایی بە خەلافەتەکەی ئەبو بەکر بەغدادی ھاتووە، ئەو شارە کێشەی زۆری ھەیە.
مووسڵ کە پێشتر بە دڵی بازرگانیی عێراق لەگەڵ ھەریەک لە سووریا و تورکیا ناوی ھەبوو، بەڵام داعش و شەڕ ئەو شارەی کردووەتە دەستەخوشکی ستالینگرادی سۆڤیەتی جاران کە شەڕی ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەکانی لە لایەک و ھێزەکانی سۆڤییەتی جاران لەو دیوی شەڕ ئەم شارەیان کرد بە خۆڵەمێش، ئێستا مووسڵ بەتایبەت بەری راستی شارەکە وێرانییەکی ئەوتۆی تیادایە بەتایبەت لە چەند گەڕەکێکی کۆنی مووسڵ وای لێھاتووە بەدەگمەن باڵەخانەیەک دەبینیت ھێشتا بۆنی ژیانی تیادا مابێت یان خانوو و شوێنێک دەدۆزیتەوە شەڕ شڕی نەکردبێت و کونی نەکردبێت، تەنانەت ماڵەکانی خوداش لێرە نەپارێزراون.
لەباب سەرای کە گەڕەک و بازاڕێکی گەورە و کۆنی شارەکەیە و لە کەناری رۆژئاوای رووباری دیجلە کە شارەکە دەکات بە دوو بەشەوە ھەڵکەوتووە ئێستا وەکو شاری مۆتەکە وایە، شەڕ کون و کەلەبەر نەماوە نەیتاساندبێت و نەیچۆڕاندبێت لە خوێن و فیشەک، لێرە کە ھەر دەبێت بەناو خاپوورییەکانی شەڕ تێپەڕیت، شوێنێکی تەواو وێرانەیە، شەقامەکان ھەموو خراپن، باڵەخانە و شوێنەکان بوون بە خاشاک، زۆر کۆڵان ئەمسەر و ئەوسەرییان بە ئۆتۆمبیلی تەقێنراوە، یان بە دیواری داڕووخاو گیراوە.
لەناو گەڕەکەکانی بەری راستی مووسڵ بە دەیان خاڵی پشکنین دانراوە، لێرە ھەر دەنگێکی بەرز دەنگدەداتەوە، ئەوانەی لێرەن لە چەند کەسێکی کەم نەبێت تێناپەڕێت، شارێکی تەواو بێدەنگ و خامۆش، پۆلیسەکان زوو زوو و ھەموو جار ئەو پرسیارانە لە رێبوارە کەمەکان دەپرسن "بۆ کوێ دەچیت؟، لەکوێوە دێیت؟" ھەڵبەت ئەمەش نیشانی دەدات ھێشتا مەترسی ھێرشی داعش بۆ ئەم شوێنانە کە شوێنی چۆڵن و ھیچ ماڵێکی تیادا نییە وەکو ئەگەر وەرگیراوە.
ئەوەی بە ساڵێک بەسەر ئەم شارە ھێنرا پێویستی بە دەیان ساڵی تر و ملیارەھا دۆلار ھەیە تا ئەم شارە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، ئەوە سەرباری ماندووبوونی زۆر، بەڵام ئەم دیمەنانەی باسدەکرێن لە دیوی چەپی مووسڵ کەمتر دەبینرێت، ھۆکاری سەرەکیی ئەوەش ئەوەیە دیوی راستی شارەکە بە دیوە کۆنەکەی شار دەناسرێت، بۆیە شەڕ زیاتر زەفەری پێبرد و وێرانی کرد.
لەم بەشەی مووسڵ پێچەوانەی بەری چەپی شار نەوەک ھەر ژیان و مرۆڤەکان بە دەگمەنی نەبێت نابینرێن، تەنانەت سامناکییەکی ھێندە بڵاوە کە دەبێت بە ئاگاییەوە جووڵە بکەیت، چونکە ھێشتا لێرە دیمەنەکانی ترسی شەڕ ئامادەیە، ئەگەرچی داعش لێرەوە دوورن یان ھیچ نەبێت لێرە نەماون و پۆلیسەکان بۆ خەڵک جێی ئومێد و دڵنیایین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێرە و لەوێ ئیدارەی شارەکە زۆر بە کەمی سەرقاڵی چاککردنەوەی پردەکانن، ھەروەھا چەند شوێنێکیش چەند کەسێک خەریکی خاوێنکردنەوەی دوکانەکانییان بوون، ھەروەھا شارەوانی لەچەند شوێنێک ناوچەکەی خۆیان پاک دەکردەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست دەست بکرێتەوە بە ژیان لەم شوێنە کە رۆژانێک بوو جمەی دەھات لە خەڵک و بازرگانی.