Hamit Hüseyin,Zana Natık Kerem
08 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2016
نەینەوا ــ AA
ئاوارەكانی شاری مووسڵ چیرۆكی زوڵم و ستەمی و نەهامەتی ژێر دەستی داعش دەگێڕنەوە و رایدەگەیەنن كە لەسەر ریش تاشین و جگەرەكێشان داعش سزای داون.
ئاواریەكی گەڕەكی گۆگجەلی رۆژهەڵاتی مووسڵ، بە ناوی ئەرشەد وەعدەڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی: "رەوشی مووسڵ زۆر خراپە و هیچ باش نییە و بێكارییەكی یەكجار زۆر رووی لەو شارە كردووە و خەڵكێكی زۆر بێ پارەیە".
ئەرشەد وەعدەڵڵا دەیگێڕێتەوە کە ئەوەی خۆی بینویەتی داعش لە سزادانی هاووڵاتییانی مووسڵ هیچ جیاوازیەکی لە نێوان گەورە و بچووكدا نەدەكردووە و هەمووی وەك یەك سزا داوە و گوتی: " هەر كەسێك لە مووسڵ جگەرەبكشێت یان ریشی بتاشێت داعش یان 10 رۆژ زیندانی دەكرد یانیش بە 50 هەزار دینار و جەلدە سزای دەدا".
سەبارەت بە گوزەرانی خەڵكی شاری مووسڵ، وەعدەڵڵا گوتی: "رەوشی شارەكە یەكجار خراپە و وا بۆ ماوەی حەوت مانگ دەچێت خەڵكێكی زۆر بێكار و بێ پارەیە".
هاوكات ئافرەتێكی دیكەی ئاوارە بە ناوی بەتوول محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە یاسا توندەكانی داعش لە مووسڵ كرد و گوتی: "هەر كەسێك لە ژێر دەسەڵاتی داعش ژیان بگوزەرێنێت دەبێت پابەندی یاساكانی بێت ئەگەر نا دەكوژرێت".
بەتوول محەمەد زیاتر گوتی: "لە ژێر دەسەڵاتی داعش دەبێت ئافرەتەكان باڵاپۆش بن و نابێت بەهیچ شێوەك دەموچاویان بەدیار بكەوێت و لە ماڵەوە نوێژەكانمان دەكرد".
ئافرەتەكە گوتیشی: "ئەوەی ئارامی و ئاسایشی بە هاووڵاتییانی شاری مووسڵ بەخشیووە هاتنی هێزەكانی عێراقە بۆ گەڕەكانی رۆژهەڵاتی شارەكە".
منداڵێكی ئاوارە بەناوی مەحموود حوسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەیگێڕێتەوە لە مووسڵ داعش تەنها سزای گەورانی نەداوە بەڵكو سزای منداڵانیشی داوە .
مەحموود حوسێن گوتی: "زۆر جار كە لەگەڵ هاورێیەكانمدا یاری تۆپی پێمان دەكرد، چەكدارانی داعش دەهاتن و قسەی ناشرینیان پێ دەكردین و لێشمانیان دەدا".
منداڵەكە باس لەوەیش دەكات، ئەگەر چەكدارانی داعش لە كاتی تێپەڕبوونیان سەلامیان بكردبایە و كەس سەلامەكەی نەدابایەوە یەكسەر دەهاتن و لییان دەداین و دەیان گوت ئەوە سەلامی خودایە بۆ سەلامەكە نادەیتەوە".
ئەو كەسانە كە لەناو شاری مووسڵ لە ژێر دەستی داعش هەڵاتوون هەر كەسێكیان بدوێنی چێرۆكی جیاواز و سەیریان پێیە كە هەر یەكیان بەجیا چیرۆكی ژێر دەستی چەكدارانی داعش باس دەكات.
بەپێی ئامارێك كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بڵاوی كردووەتەوە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ تا ئێستا 37 هەزارو 148 كەس لە شارەكە و دەورووبەری ئاوارە بوون.