Hamdi Yıldız
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
ئیستانبوڵ- AA
لە دووەم رۆژدا، گەلی میسر بەشێوەیەکی سنووردار وەڵامی بانگەوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی میسری، محەمەد عەلی-یان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دژبە حکوومەتەکەی عەبدولفەتاح سیسی دایەوە.
بەگوێرەی ئەو گرتە و وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی میسر بڵاوبوونەتەوە لە ناوچە جیاجیاکانی قاهیرەی پایتەخت خەڵکی کە زۆرینەیان لە توێژی گەنجان بوون بە دروشمی "سیسی بڕۆ، سیسی دوژمنی خوایە" رژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی وڵاتەکەیان کردووە.
لەبەرامبەریشدا کەناڵەکانی سەربە سیسی لە هەواڵەکانیاندا باسیان لەوە کردووە کە وڵات ئارامە و خەڵک بەدەم بانگەوازەکەی محەمەد عەلی-یەوە نەچوون، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئەو گرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کۆنن و هی ئێستا نین.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەڕێی تەلەفۆنەوە تۆمار کراوە بەرواری رۆژی خۆپیشاندانەکە گوتراوە کە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ بووە.