Zana Natık Kerem
17 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2017
بەهۆی پێكدادانی نێوان هێزەكانی پۆلیسی میسر و خۆپێشاندەران لە رۆژئاوای شاری قاهیرە، خۆپێشاندەرێك كوژراو و ٥٦ كەسی دیكەش برینداربوون كە ١٩یان مەدەنی بوون.
لە دوو بەیاننامەدا كە وەزارەتی ناوخۆی میسر لەسەر رووداوەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان دژ بە هەڵمەتێك بۆ رووخاندنی خانووەكانیان كە لەسەر كەناری ناوچەی دوورگەی وەراق لەسەر لێواری رووباری نیل لە پارێزگای جیزە رۆژئاوای قاهیرە خۆپیشاندانیان کرد، هێزەكانی پۆلیس ناچاربوون بە گازی فرمێسكڕێژ بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن.
بە پێی بەیاننامەكە، لەو كاتەدا پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پۆلیس و خۆپیشاندەران رووی دا و بە هۆیەوە كەسێك كوژراو و ٣٧ پۆلیس و ١٩ مەدەنی برینداربوون و ١٠ خۆپیشاندەریش دەستگیركران.
هاوكات لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی تەندروستی میسر پشتڕاستی كردەوە كە بە هۆی پێكدادانەكەوە، هاووڵاتییەك كوژراوە و ١٩ی دیكەش برینداربوون.
ئەو رووداوەش پارێزگاری جیزە، لیوا محەمەد كەمال دال-ی ناچار كرد كە جێبەجێكردنی بڕیاری رووخاندنەکە دوا بخات.
بەرپرسانی میسر رایدەگەیەنن كە ئەو خانووانە بە زيادەڕەوى لەسەر موڵكی دەوڵەت دروستكراون بۆیە حكوومەت بڕیاری داوە بیانرووخێنێت.