Sarmand Hameed
20 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە شاری مەنامە پایتەختی بەحرێن لەگەڵ رێکخهری کاروباری رۆژههڵاتی ناوهڕاست و باکووری ئەفریقا له کۆشکی سپی، برێت مەکگورک کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەکەدا گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی گشتیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کرا.
هەر لە میانی دیدارەکەدا جەخت لە برەودان بە هەماهەنگیی وهاریکاری کرا لە پێناو ئارامی و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکەدا.
دوێنێ هەینی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١، بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی کە پێکهاتووە لە وەزیری کاروباری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل و وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، گەیشتە مەنامە پایتەختی بەحرێن.