Sarmand Hameed
20 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە شاری مەنامە پایتەختی بەحرێن، لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن کۆبووەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ، بەڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی کاریگەری سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کردوو لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا و جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان، ھاوبەش و ھاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ھێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکای کرد و جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و ھەبوونی ھەماھەنگیی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کردەوە.
دیالۆگی ستراتیجی ئەمریکا و عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
دوێنێ ھەینی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١، بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی کە پێکھاتووە لە وەزیری کاروباری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل و وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، گەیشتە مەنامە پایتەختی بەحرێن.