Abdullah Shukur
11 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2018
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی لە سووریا لە مانگی ئەیلوولی رابردوو و زیادبوونی بارگرژیی لە نێوان ئیدارەی تەلئەبیب و مۆسکۆ، بۆ یەکەمین جار لەدوای ئەو رووداوە لە پاریس، کۆبوونەوە.
ناتانیاھو و پوتین لە میانی بەشداریکردن لە یادەوەری ١٠٠ ساڵەی کۆتاییھاتنی جەنگی جیھانی یەکەم لە پاریس پایتەختی فەڕەنسا کۆبوونەوە.
ناتانیاھو و پوتین لە نیوەرۆخوانێکدا لە پاریس کە لە لایەن سەرکۆماری فەڕەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن پێشکەشی سەرکردەکان کرابوو لە کۆشکی ئیلیزێ کۆبوونەوە.
ھاوکات تاکو ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا نەکراوە.
لەلایەکی دیکەش بەپێی ئەو ھەواڵانەی لە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە، ناتانیاھو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پاریس باسی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین کردووە و گوتوویەتی: "ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ سەرۆک پوتین ئەنجامم دا باش بوو، بە شێوەیەک کە زۆر گرنگ بوو".
ناتانیاھو هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکرد.
فڕۆکەیەکی جەنکی جۆری İl-٢٠ رووسی، لە ١٧ی ئەیلوولی رابردوو لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی رژێمی بەشار ئەسەد خرایە خوارەوە و بەمەش پەیوەندی نێوان مۆسکۆ و تەلئەبیب تێکچوو.
دواتر بەرپرسانی رووسی راگەیاندبوو کە فرۆکەکانی جەنگی ئیسرائیل لە جۆری ئێف-١٦ کە ھێرشی ئاسمانیان بۆ سەر کۆگانی سەر بە رژێم لە شاری لازقییە ئەنجام دابوو، ئەو فڕۆکەی رووسیایان وەک قەڵغانێک لە بەرامبەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەکارھێناوە.