Betül Yürük
03 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2021
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە ساڵی رابردوو، ٦٢ رۆژنامەنووس لە کاتی کاردا کوژراون.
لەم بارەیەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بە بۆنەی "دووی تشرینی دووەم، رۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەی سزانەدانی تاوانەکانی دژبە رۆژنامەنووسان" بڵاوی کردەوە، رایگەیاند "ھیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت ئازاد بێت ئەگەر رۆژنامەنووسانێکی تێدا نەبێت بەدوای ھەڵەکاندا نەچن و راستییەکان نەڵێن".
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس باسی لەوە کرد کە ساڵی رابردوو، ٦٢ رۆژنامەنووس لە کاتی کاردا کوژراون و لە ساڵانی رابردوودا، ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی بەھۆی بەدواداچوونیان بۆ گەندەڵی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کوژران، زیادی کردووە.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ١٠ تاوانی دژبە رۆژنامەنووسان نۆیان بێ سزا ماونەتەوە و کاتێک رۆژنامەنووسان سەرقاڵی کارەکانیانن رووبەڕووی ھەڕەشەی رفاندن و ئەشکەنجە دەبنەوە، داواشی لە وڵاتان کرد لێکۆلینەوە لە تاوانەکانی دژبە رۆژنامەنووسان بکەن و تاوانباران بێ سزا نەھێڵنەوە.