Zana Natık Kerem
28 کانوونی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2026
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی ھەماھەنگی "شیعە" بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، نوری مالیکی ڕایگەیاند کە دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەت دەکەنەوە.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ترەمپ داوای کردبوو کە سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق، ڕانەسپێردرێت.
ھەروەھا دۆناڵد ترەمپ ھۆشداری ئەوەشی دابوو، ئەگەر نوری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوە ئەمریکا چی دیکە یارمەتی عێراق نادات.
نوری مالیکی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" وەڵامی ھەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دایەوە و نووسیوویەتی: "دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەت دەکەینەوە و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و دەستدرێژیکردنە سەر بڕیاری چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ دەست نیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران دەزانین".
ڕاشیگەیاندووە کە زمانی گفتوگۆ لەنێوان وڵاتان، تاکە بژاردەی سیاسییە، نەک پەنابردنە بەر زمانی ھەڕەشە.
نوری مالیکی ھەر لە وەڵامی ھەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ-دا جەختی لەوە کردووەتەوە، بەردەوام دەبێت لە کارکردن تا دەگاتە ئەنجام کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی عێراق بکات.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگییدا، بە زۆرینەی دەنگ نوری مالیکی کە بە کەسێکی نزیک لە ئێران دادەندرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بەربژێرکرا.