بە مەبەستی بەردەوامبوون لەسەر نەریتێکی ١١١ ساڵە، نزیکەی دوو ھەزاو ٥٠٠ کەس لە پلەی ژێر سفردا تەنیا بە جلی ژێرەوە چوونە نێو زەریای ئەتڵەسییەوە، ئەو نەریتە لە ساڵی ١٩٠٣ تا ئەمڕۆ بەردەوامەو ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.
چەندین ورچی جەمسەری لە لایەن کۆمەڵەی مەلەوانانی دورگەی کۆنێی، مەشقیان پێ کرابوو و بەشدارییان لە نەریتەکە کرد.
کۆمەڵەی کۆمەکی منداڵە نەخۆشەکانی نیویۆرک، توانی پارەیەکی باش لەو کارەدا کۆبکاتەوە، دوای ئەوەی بڕیاردرابوو ھەر بەشداربووێک لەسەریەتی ٢٠ دۆلار یان زیاتر بەخشێتە ئەو منداڵانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە. دوای ئەوەی بەشداربووان چوونە ناو ئاوە ساردەکەی ئۆقیانووس و ھاتنە دەرەوە دەستیان بە سەما کرد.
ئەو نەریتە ١١١ ساڵە بەردەوامە، ساڵانە لە دورگەی کۆنێی ئەنجام دەدرێ، لە سەری ساڵدا چوونە ناو ئاو بە مانای خۆ پاککردنەوە لە ناخۆشییەکانی ساڵێک دێ.
لە سەرەتادا چوونە ناو ئاو لە پلەی دووی ژێر سفردا شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، بەڵام دوای ئەوەی ھەندێ لە بەشداربووان ئەوەیان تاقیکردەوە ترسی ئەوانی دیکە شکا.
لەیەکەم چوونە ناو ئاو چەندین قیژەو ھاوار بیسترا، ھاواریان دەکرد "ھەست بە قاچەکانم ناکەم، بەستوویەتی" دواتر راھاتن و ئاوەکە بووە شتێکی ئاسایی لایان.
لەکاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکە ھێزی وڵاتپارێزان و تیمی رزگاری لە دەوروبەری کەناراوی کۆنێی لە ئامادەباشییدابوون، دوای تەواوبوونی چالاکییەکە بەشداربووان بڕوانامەی بەشداربوونیان پێدرا.