Hemin Hüseyin
13 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2017
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی حکوومەتی تورکیای کرد کە وەکو یەکەم وڵات هاوکارییەکانی خۆی گەیاندە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ھەروەکو ئاگادارن شەوی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧،٣ بە پلەی رێختەر ھەڵەبجە و دەربەندیخان و ھەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوە. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانیانی ئەو کارەساتە دەکەین و ھیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئێمە ھەر لە شەوی رابردووەوە پەیوەندیمان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت و قایمقامی دەربەندیخان و بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان ھەبووە و لەسەرھێڵ بووین، بە پێی ئەو ئامارەی بەدەستمان گەیشتووە و بە پێی ئەو راپۆرتانەی ئەمڕۆ ئێمە ھەمانە، تا ئێستا حەوت کەس شەھیدبوون و ژمارەیەک هاووڵاتیش برینداربوون".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "شەوی رابردوو کە ئەو رووداوە رووی دا، بە سوپاسەوە نووسینگەی سەرکۆماری تورکیا پەیوەندیان لەگەڵ ئێمە کرد، ھەروەھا کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پەیوەندییان کرد و ھاوکارییان لە رێگای دەروازەی ئیبراھیم خەلیلەوە نارد، فڕۆکەیەکیشیان ناردووە بۆ سلێمانی بۆ گەیاندنی ئەو ھاوکاریانەی کە پێویستن بۆ خەڵکەکە، بۆیە من دەمەوێت لێرەوە سوپاسی خۆمان ئاراستەی دەزگای ئافادی تورکی و نووسینگەی سەرکۆماری تورکیا و جەنابی سەرکۆمار بکەین، ھەر ئەوەش چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی تەنگانەدا ئەوان یارمەتی ھەرێمی کوردستان بدەن، بە سوپاسەوە ئەمجارەش ھەر لە یەکەم ساتەکانی رووداوەکەدا ئەوان بڕیاری خۆیان جێبەجێ کرد بۆ ھاوکاری و یارمەتی و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان پێیان خۆشە سەردانی تورکیا بکەن و راشیگەیاند کە تا ئێستا کاتێک دیاریی نەکراوە بۆ سەردانکردنی تورکیا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ وەرگرتنی ئاماری زیانلێکەوتووان و چاوەڕێی راپۆڕتی لیژنەکە دەکەن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "تا ئێستا بەغدا وەڵامی دەستپێشخەری گفتوگۆی ئێمەیان نەداوەتەوە، هەروەها لەسەر پرۆژە بوودجەی عێراق تێبینییەکانمان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە و تەئکیدمان لەسەر بەشە بوودجەی سەدا ١٧ بۆ هەرێمی کوردستان کردووەتەوە".
چەند رۆژێک پێش ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە بە پێی دەستوور ھیچ پێکھاتەیەک مافی جیابوونەوەی لە عێراق نییە، سەبارەت بەم بابەتەش، سەرۆکوەزیران گوتی: "بەوردی خوێندنەوەمان بۆ بڕیارەکە کردووە و لە رۆژانی داھاتوودا بە فەرمی وەڵام دەدەینەوە".
لەبارەی کەمکردنەوەی بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە ناڵێین بەغدا دەرمانی نەناردووە بەڵام رێژەکەی کەمکردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە چونکە جگە لە هاووڵاتییانی کوردستان، نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن و ئەوانیش لەو بەشە دەرمانەی کە لە بەغداوە بۆمان دەنێرن، پێویستییەکانیان وەردەگرن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بارودۆخی ناوخۆی کوردستان و نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان کرد و رایگەیاند کە بە نیازن سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەن و گوتی: "ئێمە هەفتەی رابردوو بە نیازی سەردان و کۆبوونەوە بووین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بەرنامەیە رێکنەکەوت و رەنگە هەفتەی داهاتوو دەست بەو بەرنامەیە بکەین".
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لەدوای تەواوبوونی مووچەی ئەم مانگە، ئەوا مووچەی مانگێکی دیکەش دابەش دەکەین".
لەبارەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، دەروازەکان لە لایەن ئێرانەوە داخران و لە ئێستاشدا جگە لە دەروازەی سنووری باشماخ، ئەوا هەریەک لە دەروازەی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان داخراون و گوتی: "تا ئێستا هیچ نووسراوێکمان بە فەرمیی بەدەست نەگەیشتووە، قسەمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە، ئەوان دەیانەوێت دەروازەکان بکەنەوە، بەڵام کاتی کردنەوەی دەروازەکان دیار نییە".