Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، نیکۆلاس گارنەر و شاندی یاوەری.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە دیدارێکدا کە کۆنسولی نوێی ئەمریکا لە ھەولێر، ئێرڤین ھیکس ئامادەی بوو، دوایین پێشھاتەکانی سووریا و عێراق، ھەڕەشەکانی داعش، ھەروەھا پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردییەکان و پێکھاتەکان لە سووریا و رەوشی کەمپەکان بەتایبەتی کەمپی ھۆل، تاوتوێ کراون.
راشیگەیاندووە کە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە گرنگیی بەردەوامیی ھاریکارییە ھاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش، ئاماژەیان بەوەداوە کە ھێشتا داعش، مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر سووریا، عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا بە پێویستییان زانیووە، وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکە لە گێڕانەوەی ھاووڵاتییەکانیان لە کەمپی ھۆل لە سووریا بۆ وڵاتەکانیان، ھاوکار بن.
ئاماژەی بەوەیشداوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە تیرۆر بە تەنھا بە ھێزی چەک لەناو ناچێت و رایگەیاندووە "بۆ نەھێشتنی تیرۆر، دەبێت لەڕێگای پەروەردە، قوڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی، یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیان، رووبەڕووی بیر و ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و توندوتیژی ببینەوە".
باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پێویستیی گفتوگۆ و یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان و پێکھاتەکانی دیکە لە سووریا، ھەروەھا رەوشی ناوچەکە بەگشتی و ژمارەیەک پرسی دیکە.