Abdulhameed Husseın Karam
16 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فینلاند لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا سوپاسی ھاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا کرد و دووپاتیکردەوە کە ھێشتا ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر ھەر ماون، ھەروەھا رایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان ناخوازێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان و ھەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی عێراق دەدات.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێم لە دیدارێکدا لە ھەولێر، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، فیسا ھاکینین پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی فینلاند کردووە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە کاری نوێیدا و جەختی لە بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و فینلاند لە ھەموو بوارەکاندا کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە فیسا ھاکینین باسی سەردانی خۆی بۆ ھێزەکانی فینلاند وەک بەشێک لە ھێزی ھاوپەیمانیی دژی داعش لە ھەرێمی کوردستان کردووە و بەردەوامیی ھاوکاریی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ھێزەکانی ھاوپەیماندا بۆ یارمەتیدانی سوپای عێراق و پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە بەتایبەت لەڕووی مەشق و راھێنانەوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە تاوتوێکردنی دوا پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق، جێبەجێکردنی داوای خۆپیشاندەران، ھەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور، رەوشی ئابووری و دەرفەتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان کە زەمینەیەکی لەباری ھەیە بۆ وەبەرھێنانی بیانی، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بووە.