Cankut Taşdan
29 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2022
ئەنقەرە – AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، دووفڕۆکەی دیکە کە هاوکاریی مرۆیی تورکیا بۆ پاکستان دەگوازنەوە بەڕێ کەوتن کە بەهۆی لافاوەوە ئەو وڵاتە زیانی بەرکەوتووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندووە "وڵاتەکەمان بەردەوامە لە هاوکاریکردنی پاکستانی برا کە بەهۆی کارەساتی لافاوەوە زیانی بەرکەوتووە. دووفڕۆکەی دیکەی سوپای تورکیا کە هاوکاری مرۆیی وڵاتەکەمان دەگوازنەوە لە فڕۆکەخانەی ئەتیمەسگوت/ئەنقەرەوە بەڕێ کەوتوون".
لەگەڵ راگەیەندراوەکەدا، دیمەنی پرۆسەی ئامادەکاری فڕۆکەکانیش بڵاو کراوەتەوە.
سهرۆكایهتی ئیدارهدانی كارهسات و باری لهناكاو (AFAD) بەمەبەستی رەوانەکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ پاکستان رایگەیاندووە کە "پردی ئاسمانی"ی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوەیشداوە لە قۆناغی یەکەمدا، ١٠ هەزار خیوەت، ٥٠ هەزار کارتۆن خۆراک، ٥٠ هەزار پارچە بەرهەمی پاکوخاوێنی، ١٠ هەزار پارچە خۆراکی منداڵ رەوانەی ئەو ناوچانەی پاکستان کران کە بەهۆی لافاوەوە زەرەرمەند بوون.
ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەساتە نیشتمانییەکان لە پاکستان رایگەیاندووە لە ١٤ی حوزەیرانەوە تا ئێستا لە ئاکامی ئەو لافاو و رۆچوونی زەوییانەی بەهۆی بارانی وەرزییەوە روویان داوە، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی بارانی بەلێزمەوە ٩٩٢ هەزار و ٨٧١ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، ٧٢٧ هەزار و ١٤٤ سەرئاژەڵ مرداربوون. بارانبارینی بەلێزمە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی نزیکەی ٣٣ ملیۆن و ٤٦ هەزار کەس و ٤٩٨ هەزار و ٤٤٢ کەسیش لە کەمپەکاندا گیرساونەتەوە.