Alper Şaşmaz,Ömer Aşur Çuhadar
19 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2024
ئەنقەرە ــ AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند کە لە ھەفتەی ڕابردوودا، ٥٠ تیرۆریست لە باکووری عێراق و سووریا چالاکی خراون.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە میانی ھەفتەی ڕابردوودا لە ژمارەیەک ناوچەی باکووری عێراق و سووریا ئەنجامدراون، ٥٠ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
گوتیشی: "ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لەچالاکی خراون، گەیشتووەتە دوو ھەزار و ١٣تیرۆریست".
ھاوکات سەرچاوەکان لە وەزارەتی بەرگریی وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوانانیان دایەوە سەبارەت بەوەی ئایا سوپای تورکیا ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر لە بەرامبەر تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لوبنان.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاند کە ھێزەکانی تورکیا تەنھا ئەو سیستەم و پرۆگرامانەی پەیوەندی بەکاردەھێنن کە بە توانای ناوخۆیی لەو وڵاتەدا بەرھەم دەھێنرێن.
ئاماژەیان بەوەشدا، ئەگەر هەر لایەنێکی دەرەکی بە ھەر شێوەیەک بێت بەشداری لە پرۆسەی بەرھەمھێناندا بکات، ئەوا میکانیزمی کۆنتڕۆڵی وردەکاریی زیاتر لە پرۆسەی دابینکردن و بەرھەمھێناندا چالاک دەکرێت.
ڕۆژانی سێشەممە و چواشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوە لەسەر ئامێرەکانی "پەیجەر" و "ئایکۆم" لە ژمارەیەک ناوچەی باشووری لوبنان ڕوویاندا و لە ئاکامدا، ٣٧ کەس کوژراون و سێ ھەزار و ٢٥٠ی دیکەش برینداربوون.