Adam Abu-bashal
29 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2022
ئەبوجا - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ویلایەتی ئاداماوا باکووری نێجیریا بەهۆی بارانبارینی وەرزیی و دروستبوونی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەوە بۆ ١٤ کەس و هەشت هەزار و ٤٠٠ کەسیش دەربەدەربوون.
بەرپرس لە ئاژانسی ئیدارەدانی دۆخی لەناکاوی نێجیریا لە ویلایەتی ئاداماوا، سولەیمان محەمەد لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەنجامی ئەو لافاوەی بەهۆی بارانی بەلێزمەوە دروست بووە، ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.
سولەیمان محەمەد باسی لەوە کرد کە بەهۆی لافاوەکەوە هەشت هەزار و ٤٠٠ کەس دەربەدەربوون، لەوانەش پێنج هەزار و ٣٥٢ کەسیان پەنایان بردووەتە بەر بینای قوتابخانەکان.
ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە لافاو، ملیارەها دۆلار زیانی بە ناوچەکە گەیاندووە و حکوومەت هاوکاری بەپەلەی مرۆیی رەوانەی زیانلێکەوتووان کردووە.
شارەزایانی ژینگە و گۆڕانی ئاووهەوا، هۆشداریان دابوو لەوەی کە لە وڵاتەکەدا، ٥٣ ملیۆن کەس لەژێر مەترسی لافاودا ژیان بەسەر دەبەن.
بەهۆی لافاوەوە ٢٢٥ شوێنی نیشتەجێبوون لە ویلایەتەکانی کانۆ و جیگاوا لەو وڵاتە کەوتبوونە ژێر ئاوەوە.
یەکێتیی ئەورووپا، بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو لە پێنج ویلایەتی نێجیریادا، بە بەهای ٧٠ هەزار یورۆ پشتیوانی دابین کرد.
بەهۆی ئەوەی کە نێجیریا دەکەوێتە ناوچەکانی ئاووهەوای کەمەرەیی، خولگەیی و بیابانی تێکڕای باران بارینی ساڵانە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە گۆڕانی بەسەردا دێت.