Muhammet Ali Kemal
03 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2017
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەیمس ماتیس ئاشکرایکرد ئەگەر کۆریای باکوور لەدژی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، ئەوا ئەو وەڵامە وەردەگرێت کە پێویستە بیدرێتەوە.
جەیمس ماتیس کە بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوپەیمانێتی دژی کۆریای باکوور یەکەم سەردانی فەرمیی خۆی بۆ کۆریای باشوور ئەنجام دا و لەگەڵ هاوتا کۆرییەکەی، هان مین کوو کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی ئەنجامدا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جەیمس رایگەیاند ''ئەگەر کۆریای باکوور لەدژی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، ئەوا بەتوندی و بەشێوەیەکی کاریگەر وەڵامی دەدرێتەوە''.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکرد کۆریای باکوور بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و گوتارە هەڕەشە ئامێزەکانی، راشیگەیاند: ''پشتیوانیی لەکۆماری کۆریای باشوور دەکەین کە سیاسەتێک پەیڕەو دەکات خزمەت بە دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و ئاشتی لەنیوە دوورگەکە و لە ناوچەکەش دەکات''.
لای خۆیشییەوە وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، هان مین کوو ئاماژەی بەوەکرد هەمان نیگەرانییەکانی هاوتا ئەمریکییەکەی هەیە و جەختی لەوەکردەوە کۆریای باکوور ''دڕندانە هەڕەشە'' لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و بووەتە مایەی ''درووستکردنی کێشەی ئەمنیی گەورە'' لە نیوە دوورگەی کۆریادا.
لەسەردانەکەی جەیمس ماتیسدا بۆ ئەو وڵاتە، جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئەمریکی، THAAD، یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان.
بڕیار وایە، لەدوای کۆریای باشوور، ماتیس سەردانی ژاپۆن بکات.