Muhammet Ali Kemal
21 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2017
واشنتۆن- AA
- لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیدا لە کۆشکی سپی بەچڕوپڕی باس لە بابەتەکانی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کرا.
- دۆناڵد ترەمپ (سەبارەت بە بڕیاری کشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011دا): "بە دڵنیاییەوە نەدەبوو بکشێینەوە. لەوێ بۆشاییەک لەهێزدا درووستبوو، دوای ئەوەش بینیمان چی رووی دا''.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیدا لە کۆشکی سپی بەچڕوپڕی باس لە بابەتەکانی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کرا.
حەیدەر عەبادی دوای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی کورتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا ئەنجام دا، لەگەڵ شاندی یاوەریدا بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکدا کرد کە ئەندامانی کابینەکەی ترەمپ، هەریەک لە سەرۆکی راوێژکاران و زاوای ترەمپ، جارد کوشنەر و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، هێربێرت ماکماستەر و وەزیری بازرگانیی، ویڵبەر رۆس و وەزیری بەرگریی، جەیمس ماتیس و سکرتێری گشتیی کۆشكی سپی، رەینس پرایبەس تێیدا ئامادەبوون.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئەمریکیدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوەکراوە لەکاتی وێنەگرتی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە، ترەمپ بە عەبادی راگەیاندووە ''لە سەرۆکی پێشوو باراک ئۆبامام پرسی کە بۆچی رێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا واژووکردووە'' و گوتوویەتی ''ئەوە یەکێکە لەو شتانەی لەوم پرسی، بۆچی سەرۆک ئۆباما رێککەوتننامەی لەگەڵ ئێراندا واژووکرد؟ چونکە تا ئێستا هیچ کەسێک وەڵامی ئەو پرسیارەی لەلا نییە''.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ جەختی لە رەخنەکانی سەبارەت بەکشاندنەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011دا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە بڕیارەکە بڕیارێکی هەڵە بووە، راشیگەیاندووە ''بە دڵنیاییەوە نەدەبوو بکشێینەوە. لەوێ بۆشاییەک لەهێزدا درووستبوو، دوای ئەوەش بینیمان چی رووی دا''.
- ترەمپ سوپاسی عەبادی کرد
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سەرۆکوەزرانی عێراقی کرد بۆ ''بەرەنگاربوونەوەی داعش بەشێوەیەکی نایاب'' و باس لەوەش دەکرێت کە ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە کە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، بەرێوەدەچێت.
لەو هەواڵانەدا کە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە عەبادی رایگەیاندووە ''داعش رێکخراوێکی تیرۆریستییە کە مایەی هەڕەشەیە بۆسەر هەموو جیهان'' و جەختی لە ''گرنگیی هاریکاریی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر رێکخراوەکەدا'' کردووەتەوە. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ''هێزی زۆر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان هەیە بەڵام ئامانجمان ئەوەیە ئاستی هاریکارییەکانمان لەگەڵ ئەمریکادا بەرز بکەینەوە''.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە حەیدەر عەبادی لەبەرامبەر دەرهێنانی عێراق لە لیستی ''ئەو وڵاتانەی قەدەغەی ڤیزەیان خراوەتە سەر'' لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، سوپاسی ناوبراوی کردووە.
دوای کۆبوونەوەکانی لە کۆشکی سپی، عەبادی لە پەیمانگەی ئاشتی ئەمریکی گوتارێکی پێشکەش کرد و بڕیارە ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بەشداریی بکات.