Sangar Hamad Azeez
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2016
لە پەلامارێکدا کە لەلایەن چەکدارانی بێلایەنەوە بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی لە جامو و کشمیر ئەنجامدرا، ١٧ سەرباز کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.
بەپێی روونکردنەوەی بەرپرسێکی حکوومەتی هیندستان ، لە پەلامارێکدا بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی لە جامو و کشمیر ١٧ سەرباز کوژران و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون.
بەرپرسەکە ئاشکرایکرد دوای ئەوەی چەکدارەکان لە شارۆچکەی ئوری دزەیان کردووەتە نێو بنکە سەربازییەکە بەچەک و بۆمبی دەستی هێرشەکەیان ئەنجامداوە و لەئەنجامدا ١٧ سەرباز و چوار چەکدار کوژراون و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون.
دوای رووداوەکەش ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە ناوچەکە دەستیپێکردووە.
رۆژی ٨ی تەمووزی رابردوو لەئەنجامی پێکدادانێکدا لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و چەکدارانی رێکخراوی حزبولموجاهیدین، بەرپرسێکی باڵای رێکخراوەکە بەناوی وانی کوژرا.
وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر کوشتنی وانیدا هەزاران هاووڵاتیی رژانە سەر شەقامەکان و نزیکەی ٦٥ رۆژە خۆپیشاندان دەکەن، سەرەڕای بەرپەچدانەوەیان لەلایەن پۆلیسەوە و کوژرانی ٧٩ کەس و برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار خۆپیشاندەر، خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە.
دوای ئەوەی هیندستان و پاکستان سەربەخۆییان راگەیاند، لە ساڵی ١٩٤٧ەوە تا ئێستا لە کشمیر زیاتر لە ٧٠ هەزارکەس بەهۆی توندوتیژییەوە گیانیان لەدەستداوە و لە ساڵی ١٩٨٩ەوە گرووپی چەکدارە بێ لایەنەکان چالاکی ئەنجامدەدەن و داوادەکەن ناوچەکە بخرێتە سەر پاکستان.