Dlshad Saifaalddin Ahmed
28 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2018
سلێمانی- AA
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حاجیانی ئەمساڵی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە و رێنمایی و پەیامی تایبەت بە حەج گەیەندرایە ئەو كەسانەی كە ناویان دەرچووە بۆ گەشتی حەجی ئەمساڵ.
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرە، قاسم بەرزنجی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بۆ ئەمساڵی فەریزەی حەج لە هەرێمی كوردستانەوە، پێنج هەزار و 539 كەس ناویان دەرچووە و گەشتی عەرەبستانی سعوودیە دەكەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، ئێمە ئامادەكاری تەواومان كردووە و گەیشتوینەتە دوا قۆناغەكانی كارەكان و چاوەڕوانی وەرگرتنی ڤیزا دەكەین بۆ پاسپۆرتی حاجییەكان".
قاسم بەرزنجی گوتی: "تا ئێستا هیچ گیروگرفتێك نییە لە بارەی گەشتی حاجیان، خشتەی فڕۆكەوانیش تا ئێستا دانەنراوە و دواتر بە هەماهەنگی ئێمە خشتەی گەشتی حاجیان دادەنرێت، ئەگەر عێراق فڕۆكەی تایبەتی بە گوێرەی ژمارەی حاجیان دابین بكات، ئەوا كێشە و گرفت نایەتە پێشەوە، ژمارەیەكی زۆری حاجیانی عێراقیش لەڕێگەی وشكانی گەشت دەكەن".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.