Hemin Hüseyin
22 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2018
هەولێر-AA
ساڵانە لەگەڵ ھاتنی جەژنی قوربان، بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان قەرەباڵغییەکی زۆر بەخۆوە دەبینێت و ماوەی سێ ساڵیشە لە شاری هەولێر لەپاڵ ئاژەڵەکانی وەک، مەڕ، پەز و مانگا، حوشتری عەرەبیش دەکرێتە قوربانی و بۆ ئەم جەژنەش نزیکەی ٣٠ حوشتر لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر فرۆشراوە. حوشترەوانێک کە ماوەی سێ ساڵە ژمارەیەکی زۆر حوشتر لە خوارووی عێراق دەهێنێتە هەولێر و دواتر بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، وەک خۆی دەڵێت بەم دواییە چەند چێشتخانەیەک لە هەرێم کراونەتەوە کە گۆشتی حوشتر بۆ میوانەکان ئامادە دەکەن و ئەم گۆشتەش خواستی لەسەرە.
حوشترەوان، تەحسین مەولود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی سێ ساڵە حوشتر لە خوارووی عێراق دەکڕین و لە هەرێم دەیفرۆشینەوە، لەم جەژنەدا تا ئێستا نزیکەی ٣٠ حوشترمان فرۆشتووە و زیاتر خەڵکی عەرەب خواستیان لەسەری هەیە، جگە لەوەش چەند چێشتخانەیەک بەم دواییە کرانەوە کە گۆشتی حوشتر بۆ میوانەکان ئامادە دەکەن".
ئەو حوشترانەی کە فرۆشراون و هێشتا نەیانبردوون، ملوانکەیەکی رەنگدار لە ملیان دەکرێت بۆ ئەوەی خاوەنەکانییان بیانناسنەوە. لەبارەی نرخ و کێشی حوشترەکانیش، تەحسین مەولود گوتی: "حوشترەکان کێشییان لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کیلۆیە و هەر کیلۆی بە ٥ هەزار دینارە و گۆشتێکی بێ چەوری هەیە، لە ئێستاشدا چەند دانەیەکی دیکەمان فرۆشراون و چاوەڕێ دەکەین خاوەکانییان بێن بیانبەنەوە".
بەرزی نێرەی حوشتری عەرەبی، لەنێوان مەترێک و ٨٠ سانتیمەتر تاوەکو دوو مەتر دەبێت و کێشەکەی لەنێوان ٤٠٠ بۆ ٦٠٠ کیلۆ گرام دەبێت و بەرزی مێیەکەیشی لەنێوان مەترێک و ٧٠ سانتیمەتر بۆ مەترێک و ٩٠ سانتیمەتر دەبێت و کێشی بەڕێژەی لەسەدا ١٠ لە کێشی نێرەی حوشتر کەمترە.
جەژنی قوربان، جەژنێکی تایبەتە بە موسڵمانان کە چوار رۆژە و موسڵمانانی جیھان لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان وێڕای جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازایی ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو جەژنەدا ئاژەڵ دەکەنە قوربانی وەکو ئەرکێکی ئایینی و بە بەجێ گەیاندنی سوننەتێکی پەیامبەر ئیبراھیم کە چیرۆکەکەی لە قورئاندا باسکراوە.
جەژنی قوربان دەکەوێتە رۆژێک دوای ٩ی زی الحجە کە حاجیان لەم رۆژەدا لە کێوی عەرەفە دەوەستن کە گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و ھەروەھا جیاکەرەوەی نێوان حەج و عومرەیە و رۆژی ١٠ی زی الحجە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان و لەدوای نوێژی جەژن قوربانیکردن دەستپێدەکات.