Hemin Hüseyin
29 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2018
هەولێر- AA
لەماوەی رابردوودا بە هۆی باران بارین و لافاو، زیانێکی زۆر بەر ناوچەکانی باڵەکایەتی کەوت و بووە هۆی پچڕانی رێگای نێوان چەند ناوچەیەک.
بە ھۆی شەپۆلی باران بارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو، زیانی زۆر بەر ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر لە ھەردوو دەڤەری باڵەکایەتی و برادۆست گەیشتووە، تەزووی کارەبا، رێگاو بان، پردی پەڕێنەوە و هاتوچۆی نێوان چەندین گوند زیانیان بەرکەوتووە.
قایمقامی قەزای سۆران، کرمانج عزەت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە ١١٠ میللیمەتر باران باریووە کە بووەتە هۆی رووخانی ٢٠ پرد و زیان بە ٤٠ گوندیش کەوتووە.
کرمانج عزەت گوتیشی: "لە میانی ٥٠ ساڵی رابردوودا، باران بەم شێوەیە نەبووە، نزیکەی ٣٠٠ خانوو رووخاون و زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکان لەناوچوون و رەز و باخی ناوچەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە لە هەمان کاتدا رێگای ٢٠ گوند گیراوە".
هەر بە هۆی بارانەوە، پردی نێوان سیدەکان و ماونان ژێر ئاوکەوتووە و بەتەواوی خاپوور بووە و هاووڵاتییانیش هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە بۆ تێکەڵبوونی هەردوو رووباری دۆڵی باڵەیان و گوندی زارگەلی دەگەڕێننەوە و هەروەک قایمقامی قەزای سۆران ئاماژەی پێکرد، بە هۆی بارانەوە ئاستی ئاوی رووباری قەندیل ١٠ - ١٥ مەتر بەرزبووەتەوە.
هەفتەی رابردوو بە هۆی شەپۆلێکی بارانەوە لەناوچەی باڵەکایەتی و سیدەکان، زەرەر و زیانێکی زۆر بەر هاووڵاتییان کەوت و بووە هۆی رووخانی نزیکەی ٣٠٠ خانوو و ٢٠ پردی پەڕینەوە و تێکچوونی تۆڕەکانی ئاو و کارەبای ناوچەکە.