Hemn Baban
16 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2018
ھەولێر-AA
حەوت ھەزار و ١٨٨ کاندید رکابەرایەتی لەسەر ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن کە بڕیارە لە ١٢ی ئایار ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" لە بارەگای خۆی لە شاری ھەولێر مێزگردێکی بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عەلی قادر و ژمارەیەک لە شارەزایان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رێکخست بە ئامانجی ھاندانی خەڵک بۆ بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردن و خستنەڕووی تەکنکیکی دەنگدان و ھەڵبژاردن بەگشتی.
لەوبارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "مێری" لەبارەی ئەو مێزگردەوە رایگەیاند "مێزگردێکە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ئەو کەسانەی کە کاریگەرییان بۆ ھاندانی خەڵک بۆ دەنگدان، ھەروەھا دەرفەتێکیشە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن وەکو پردی گەیاندنی پەیام ئەو پەیامانە بگەیەنن کە لە رووی تەکنکیکەوە دەنگدان و پڕۆسەکەی چۆن و لە رووی گرنگیشەوە دەنگدان چی گرنگییەکی ھەیە، ئەو دەنگ و دەسەڵاتەی ھەیە چەند گرنگە، بۆیە ھیوادارین ئەوەندە ھانی خەڵک بدەین بۆ ئەوەی دەنگ بدەین".
سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندین فاکتەر ھەن وایانکردووە ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازیی لە وانی رابردوو ھەبێت و لیست و فراکسیۆنەکان زیاتر بچووک بوونەتەوە و دابەش بوونێک لە نێوان ماڵی پێکھاتەکاندا دروست بووە.
دوێنێ ١٥ی نیسان بانگەشەی کاندید و قەوارە و لیستەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت دەستی پێکرد و زیاتر لە حەوت ھەزار و ١٨٠ کاندید خۆیان بۆ ئەو ھەڵبژاردنە کاندید کردووە و رکابەرایەتی لەسەر ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان دەکەن، ھەڵبژاردنەکە لە ھەرێمی کوردستانیش بەڕێوەدەچێت و تێیدا زیاتر لە ٥٠٠ کاندید رکابەرایەتی لەسەر ٤٦ کورسیی ھەرسێ پارێزگاکەی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک دەکەن و پارێزگای ھەڵەبجەش بۆ ئەم ھەڵبژاردنە وەکو پارێزگا لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە.