Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2017
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە كۆتا هات كە رێكخەری گشتی حزبەكە و شەش ئەندامی خانەكە لە خۆ دەگرێت.
بە پێی ئەنجامی كۆتایی جیاكردنەوەی دەنگەكان كە بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و دادوەرێك و نوێنەرانی ژووری یاسایی و ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بەرێوەچوو، ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان پێكدێن لە:
عومەر سەید عەلی - رێكخەری گشتی
جەمال محەمەد - سكرتێری كاروباری جڤاتی نیشتیمانی
محەمەد تۆفێق رەحیم - سكرتێری كاروباری ژوورەكان
عوسمان حاجی مەحمود - سكرتێری كاروباری باژێڕەكان
جەلال جەوهەر - سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان
شۆڕش حاجی - كاروباری خەڵك
رەئوف عوسمان - سكرتێری كاروباری جڤاتی گشتی
بە پێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە.
دوای تەواوبونی پڕۆسەكەش، رێكخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی لە گوتەیەكدا بۆ بەشداربووانی پڕۆسەكە دوا و پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەی بە پڕۆسەیەكی دیموكراتیانە و سەركەوتوو ناوبرد.
ئەو گوتی: "هەرێم بە قەیرانی سیاسی و ئابووری و یاسایی و كۆمەڵایەتی قورسدا تێپەڕ دەبێت، ناوچەكەش روو لە گۆڕانی گەورەیە و بەرپرسیارێتیمان وەك بزووتنەوەی گۆڕان گەورەتر بووە بەرامبەر بە گەلەكەمان لە رووی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمانەوە، بۆیە وەك بزووتنەوەی گۆڕان جەخت دەكەینەوە لە یەكڕیزی گەلەكەمان بە هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەكانیەوە لە پێناو دەستەبەركردنی ئارامی سیاسی و كۆمەڵایەتی".
بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن نەوشیروان مستەفا (تاساڵی 2006 جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جەلال تاڵەبانی بوو ، لەو ساڵەدا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە ریزەكانی ئەو حزبە راگەیاند) لە ساڵی ٢٠٠٩ راگەیەنرا و بەشداری یەكەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی كرد، ئێستا ئەم حزبە لە پەرلەمانی كوردستان ٢٤ كورسی و لە پەرلەمانی عێراق ٨ كورسی هەیە.
نەوشیروان مستەفا لە رۆژی 19 ئایاری رابردوو بە هۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.