Ata Ufuk Şeker
22 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2022
بڕۆکسل – AA
دوای راگەیاندنی سازدانی سەربازیی بەشەکیی و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینەوە، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریان دا، پاکێجی نوێ بۆ سزادانی رووسیا ئامادە دەکەن و لە رێگای پێدانی چەکەوە هاوکاری ئۆکراینا بکەن.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و تایبەت بانگهێشت کرد کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بۆڕێڵ رایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵیبا بەشداری لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهاتەکان تاوتوێ کراوە و گوتی: "زۆر دیارە کە (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین هەوڵ دەدات ئۆکراینا لەناو ببات. بەهۆی ئەوەی لە رووی سەربازییەوە سەرکەوتوو نەبووە، هەوڵ دەدات تەواوی ئەو وڵاتە بە رێگای جیاواز لەناو ببات".
جۆزێپ بۆڕێڵ بیری خستەوە کە لە رووسیا سازدانی سەربازیی بەشەکیی راگەیەندراوە و پلان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی نایاسایی لە خاکی داگیرکراوی ئۆکراینا دادەندرێت، گوتی: "رووسیا هەروەها هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکە زنجیرەییە لەناوبەرەکان دەکات بە چەکی ئەتۆمیشەوە. کارەکانی رووسیا هەڕەشەن لەسەر ئاسایش و ئاشتی سەرتاسەری جیهان، ئەمەیش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە و کێشەی جیددی لەسەر ئاستی جیهان لێ کەوتووەتەوە".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش جەختی لەوە کردەوە کە تاکوو ئۆکراینا پێویستی پێی بێت، ئەوان لە رووی سەربازییەوە هاوکاری دەکەن، گوتی: "دوا لێدوانەکانی رووسیا کاریگەری ناکاتە سەر هاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ ئۆکراینا. سزای نوێ بۆسەر رووسیا دیاریی دەکەین. رێوشوێنی نوێی سنووردارکردن هەم بۆ کەسی و هەم بۆ کەرتەکان دەگرینە بەر. سزا نوێیەکان دەخرێنە سەر کەرتی تەکنەلۆجیا و کەسانی دیکە".