Yassine Aydi
06 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2023
ئیستانبوڵ – AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان و وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان لە پەکین پایتەختی چین کۆبوونەوە و لە میانیدا ھەنگاوەکانی دووبارەکردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکانیان لە ریاز و تاران تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوکەی نێوان فەیسەڵ بن فەرحان و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان لە پەکین بۆ کاراکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعوودیە و ریاز ئەنجامدراوە.
کەناڵی ئیخبارییەی سعوودیە بڵاوی کردەوە کە وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و ئێران لە پەکین پایتەختی چین کۆبوونەوەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، فەیسەڵ بن فەرحان و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان بەیاننامەیەکی ھاوبەشیان واژووکردووە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
لای خۆیەوە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ھەروەھا ھەنگاوەکانی دووبارەکردنەوەی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتەکانیان.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی پرسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ئاڵوگۆڕکردووە.
لە ١٠ی مانگی ئاداری رابردوودا، سعوودیە و ئێران ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان راگەیاند، ھەروەھا بڕیاریاندا کە لە میانی دوو مانگدا، دووبارە باڵیۆزخانەکانیان لە تاران و ریاز بکەنەوە.
دوای ئەوەی سعوودیە لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا بەتۆمەتی "تیرۆر" ٤٧ کەسی لەسێدارەدا لەنێویاندا کەسایەتی ئایینی شیعە، نەمر ئەلنەمر، ئێران کاردانەوەی توندی نیشان دا و خۆپیشاندەران، باڵیۆزخانەی سعوودیەیان لە تاران و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەیان لە مەشھەد سووتاند.
دوای ئەو رووداوانە، سعوودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند.