Mümin Altaş
15 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر، ئاماژەی بەوە کرد کە لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەی لە باکوری عێراق و سووریا ئەنجامدران ٧٨ ئامانج کە لە ئەشکەوت، پەناگە و دامەزراوەی نەوتی پێکهاتبوون لەناوبران، ٧٧ تیرۆریستیش لەچالاکی خران.
بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی گولەر و بەشداری هەریەک لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، مەتین گوراک و فەرماندەی هێزە دەریاییەکان، ئەدمیراڵ ئەرجومەنت تاتلیئۆغڵو و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، جەنەراڵ سەلچوک بایراکتارئوغڵو و فەرماندەی هێزەکان ئاسمانیی، جەنەراڵ زیا جەمال و جێگرانی وەزیر و فەرماندەکانی یەکەکانی سوپا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، کۆبوونەوەیەک لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام درا.
گولەر زانیاریی وەرگرت سەبارەت بەو چالاکییانەی درێژەی هەیە بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فەرمانی لەبارەی چەند کار و چالاکییەک دەرکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گولەر باسی لە دوایین ڕەوشی ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ کرد و، داوای لێخۆشبوونی لە خودا بۆ ئەو سەربازانە کرد کە لە ١٢ی کانوونی دووەمدا لە ناوچەکە شەهید بوون و، شیفای بەپەلەشی بۆ بریندارەکان خواست.
گولەر باسی لەوە کرد کە دەستبەجێ بەرپەرچی هێرشەکە دراوەتەوە و، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٢٣ تیرۆریست لەچالاکی خراون و ڕایگەیاند: "لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەی لە باکوری عێراق کرانە سەر مەتینا، خواکورک، گارا و قەندیل و باکووری سووریا، ٧٨ ئامانج کە لە ئەشکەوت، پەناگە و دامەزراوەی نەوتی پێکهاتبوون لەناوبران، کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بەکارهێنراون و پێدەچێت تیرۆریستانی بەناو بەرپرسی باڵایان لەناودابووبێت. تێکڕا ، ٧٧ تیرۆریست لەچالاکی خران. بەم ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجام دەدرێن، خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەدراوە. بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە تیرۆر هەتا نەمانی یەک تیرۆریست بەردەوام دەبێت. کەس گومانی لەمەدا نەبێت، ئۆپەراسیۆنەکانمان کاریگەرانە و پێداگرانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبێت دژ بە هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەتایبەتی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە، فەتۆ و داعش. ئێوەی هاوڕێیانی قارەمان و فیداکار گەورەترین بەشتان هەیە لەم سەرکەوتنەی بەدەستهاتووە، بەتایبەتی شەهیدە ئازیزەکانمان و غازییەکانمان".