Sarp Özer
14 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2023
هاتای - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار دوای ئەو بوومەلەرزانەی قەهرەمانمەڕەشیان هەژاند، باسی لەوە کرد کە هیچ دواکەوتنێک لەبارەی تەواوبوونی وادەی خزمەتی سەربازیی یان تەواوبوونی پێشوەختەی وادەکە لە ئارادا نییە. پلانەکانی ئەو بوارە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
خولوسی ئاکار کە هاوشان لەگەڵ وەزیری تەندروستیی تورکیا، فەخرەددین کۆجا لە ناوەندی هەماهەنگیی لە هاتای کارەکانی پەیوەست بە کارەساتی بوومەلەرزەکە بەڕێوەدەبات لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا سەبارەت بە بانگهێشتی سەربازیی ئادار و نیسان دواخراوە بۆ مانگی ئایار، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە بۆ پشتیوانی لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ئەو بڕیارەیان داوە،
گوتیشی: ''١٣ هەزار و ٧١ کەس کە لەو ١٠ پارێزگا کارەساتبارەدا نیشتەجێن یان تۆماریان لەو پارێزگایاندایە و لە دووی ئادار و شەشی نیساندا بانگهێشتی سەربازیی دەکرێن، بانگهێشتەکەیان دواخراوە بۆ چواری ئایاری ٢٠٢٣. ئەوانەشی دەخوازن بچنە سەربازیی لەو ماوەیەی پلانی بۆ دانراوە رەوانە دەکرێن''.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لەبارەی ئەو بانگەشانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دواخستنی وادەی تەواوبوونی خزمەتی سەربازیی، گوتی: ''هیچ دواکەوتنێک لەبارەی تەواوبوونی وادەی خزمەتی سەربازیی یان تەواوبوونی پێشوەختەی وادەکە لە ئارادا نییە. پلانەکانی ئەو بوارە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت''.
گوتیشی: ''مۆڵەت بە ١٠ هەزار و ٧٣٨ سەرباز دراوە کە لە ناوچە کارەساتبارەکانی بوومەلەرزەدا نیشتەجێن یان خێزانەکانیان لەوێ دەژین''.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار هەروەها باسی لەوە کرد کە سوپای تورکیا بە هەمان گڕوتین و تواناوە پێداگرانە بەردەوام دەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان و چالاکییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.