Sarmand Hameed
17 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
بەغدا - AA
وەزیری بەرگریی لوبنان، زینە عەکر لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، جومعە عیناد تاوتوێی هەنگاوەکانی هەماهەنگی هاوبەشیان لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.
زینە عەکر ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیراو گەیشتە بەغدا.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، جومعە عیناد پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی لوبنان، زینە عەکر و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جومعە عیناد و زینە عەکر باسیان لە هەنگاوەکانی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان بەغدا و بەیروت کردووە.

ئەم سەردانەی وەزیری بەرگریی لوبنان بۆ عێراق، دوای رۆژێک لە گەڕانەوەی وەزیری بەرگریی عێراق دێت لە سەردانەکەی بۆ ئێران کە لە میانیدا لەگەڵ بەرپرسانی تاران باسی لە هەماهەنگی سەربازیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.
عێراق و لوبنان هیچ رێککەوتنێک لە بواری سەربازیی لەنێوانیاندا نییە.
عێراق لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هاوکاری و کەلوپەلی خۆراکی بەپەلەی بۆ لوبنان نارد، دوای ئەو تەقینەوەی بەهێزەی کە مانگی ئابی رابردوو بەیروتی هەژاند و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئەو شارە گەیشت.