hemn husain
08 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
هەولێر
وەزیری بەرگری عێراقی خالید عوبەیدی سەردانی فەرمارماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای لە مەخموور کرد و لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لیوا نەجم جبووری کۆبوونەوە و دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانی ئەنجامدا و ئامانج لەو سەردانەش دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانە بۆ سوپای عێراق بە مەبەستی شەڕکردن دژی داعش.
وەزیری بەرگریی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی سوپای عێراق کرد بۆ کۆنتڕۆڵكردنەوە مووسڵ و شوێنەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش و گوتی: "سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکانی دیکە بەتەواوی ھەوڵەکانییان چڕکردووەتەوە و دژی داعش بەردەوامن لە پێشڕەویکردن و لەماوەیەکی نزیکدا ناوچەکانی دیکەی ئەنبار و خالیدیە کۆنترۆڵ دەکەینەوە".
لەبارەی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەش، وەزیری بەرگری عێراقی گوتی: "هەماهەنگیی و پەیوەندی بەهێزمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە شەڕی داعش ھاوکاری یەکتر دەکەین و هاوکات پڕچەککردنی هێزەکانی سوپای عێراق بۆ ئەوەی بتوانین پێشڕەوی و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبھێنین و لەماوەیەکی کەمدا گرووپە تیرۆریستییەکان تێکبشکێنین".
ماوەی چەند مانگێک دەبێت هێزەکانی سوپای ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکانییان دەستپێکردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و وەزیری بەرگری عێراقیش رایدەگەیەنێت کە تاوەکو ئێستا 16 گوندییان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و لە ئێستاشدا ئامادەکارییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بەردەوامە و ئەمڕۆش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوامان بەسەرکردەوە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانییان بۆ دابین بکەین و هاوکات نەخشەیەکی نوێ بۆ تاکتیکی شەڕ دادەڕێژین".
سەبارەت بە هێزەکانی دەرەوەی سوپای عێراقیش، وەزیری بەرگری عێراقی خالید عوبەیدی گوتی: "بەشدارییکردنی ھەر ھێزێک لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی نەینەوا پێویستە لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا بێت و هاوکات دەبێت ھێزەکان پەیوەندیی و هەماهەنگیی باشیان ھەبێت لە نێوانیاندا و ئەو ھێزانەش پێویستە مەشق و راھێنانییان کردبێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە نەینەوا بکەن".
لەبارەی بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە نەینەوا، خالید عوبەیدی گوتی: "هێزی پێشمەرگە و تەواوی ھێزە ئەمنییەکان بە رەزامەندی فەرماندەیی گشتی ھێزە چەکدارەکان بەشداریی کۆنترۆڵکردنەوەی نەینەوا دەکەن و لە ھەموو میحوەرکان کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچن و ئامادەکارییەکانیش بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بەردەوامن".