Emre Gürkan Abay
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
لە ئاکامی کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا، دەنیس مۆناسترسکی هەڵگرتبوو لە نزیک کیێڤی پایتەخت، ناوبراو و جێگرەکەی و ١٤ کەسی دیکە گیانیان لەدەست دا.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ئۆکراینا، ئیگۆر کلیمینکۆ لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە شاری برۆڤار سەربە ناوچەی کیێڤ، هێلیکۆپتەرێکی سەربە خزمەتگوزاری دۆخە لەناکاوەکان کەوتووەتەخوارەوە.
ئیگۆر کلیمینکۆ باسی لەوە کرد کە لە رووداوەکەدا، دەنیس مۆناسترسکی و جێگرەکەی، یەڤگینی یەنین گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ئۆکراینا، ئیگۆر کلیمینکۆ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تێکڕا ١٦ کەس کە دووانیان منداڵن لە رووداوەکەدا، گیانیان لەدەستداوە و ٢٢ کەسیش برینداربوون و لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت.
ئیگۆر کلیمینکۆ ئەوەشی خستەڕوو کە تەواوی یەکە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی کارەکانیانن.
لەو هەواڵانەی لە راگەیاندنی ئۆکراینادا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە هێلیکۆپتەرەکە لە نزیک باخچەیەکی ساوایان کەوتووەتە خوارەوە و ئاگر لە شوێنی رووداوەکە کەوتووەتەوە.