Sangar Hamad Azeez
16 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2016
ئەمریکا، ١٥بەندکراوی گرتووخانەی گوانتانامۆی رەوانەی ئیمارات کرد.
لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند "دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆسیەی ١٥ بەندکراو کردووە، بڕیاریان داوە رەوانەی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان (ئیمارات)یان بکەنەوە".
لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، سوپاسی ئیمارات دەکات بۆ ئەو هەوڵە مرۆییانەی کە داویەتی بۆ داخستنی گرتووخانەی گوانتانامۆ لەلایەن ئەمریکاوە".
ئەمە زۆرترین ژمارەیە کە تاوەکو ئێستا بەیەکجار بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی گرتووخانەکە و بەم ژمارەیەش، ژمارەی بەندکراوە گواستراوەکان لەو گرتووخانەیە گەیشتە ٦١ کەس.
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما بەڵێنی داخستنی ئەو گرتووخانەیەی دا کە لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بوشەوە دوای پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر دروست کرابوو، بەڵام بەهۆی دژایەتی کردنی کۆمارییەکانی کۆنگرێس، هەوڵەکەی ئۆباما بێ ئەنجام بوو.
کاربەدەستانی کۆشکی سپی، ئاماژە بەوە دەکەن کەوا بەهۆی کەمی ماوەی وادەی سەرۆکایەتی ئۆباما پڕۆسەی گواستنەوەی بەندکراوەکان لەو گرتووخانەیە خێرا کراوە.
گوانتانامۆ کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکایە لەسەر کەنداوی کوبا، دوای پەلامارەکەی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ و داگیرکرانی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا بە فەرمانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش دروست کرا.