ڤاتیكان
پاپا فرانسیس كە لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە بە رابەری رۆحانی كاسۆلیكەكانی جیهان هەڵبژێردراوە، بەشداری لە رێوڕەسمی شەشەمین رۆژی گەنجان لە كۆریای باشوری كرد و لەو رێوڕەسمەشدا داوای پێكەوەژیان و یەكێتی و ئاشتی كرد.
پاپا دوای گەڕانەوەی بۆ رۆما لە نێو فڕۆكەكەیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە روونكردنەوەكانیدا پاپا ئاماژەی بە ھێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر خەڵكی سڤیل و خراپی رەوشی خەڵكەكە لە سەرجەم جیھان كرد، ھەروەھا سەركۆنەی ئەو كردەوە دڕندانەی كرد كە بە زۆری منداڵ و ژن تێایدا دەبنە قوربیانی.
پاپا گوتی: "ئەشكەنجەدان بووەتە كارێكی ئاسایی، جەنگی جیھانی سێیەم روویداوە، ئێستا ئێمە لە جەنگی سێەمی جیھانین، بەڵام بە شێوەی بەش بەش."
پاپا، دوای ناردنی نوێنەری خۆی بە مەبەستی بەسەر كردنەوەی رەوشی مەسیحیەكانی عێراق كەلە ترسی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق روویان لە ھەرێمی كوردستان كردووە، گوتی: "ئامادەم سەردانی كوردستان بكەم، بەڵام لەم كاتەدا بە كارێكی زۆر باشی نازانم."
پاپا سەبارەت بە بۆردومان و هێرشەكانی ئەمریكا لە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ سەر چەكدارانی رێكخراوی داعش كە بە "هێرشبەری نا حەق" لە قەڵەمی داون، گوتی:" وەستاندنی داگیركاران رەوایە و بۆردومان و هێرش بۆ سەریان بە مانای شەڕخوازی نییە."