واشينتۆن
لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكی ئەمریكا، باراك ئۆباما رایگەیاند: "كوشندەترین چەكی كیمیایی رژێمەكەی ئەسەد كە خۆی ئاشكرای كردبوون، لەلایەن كارمەندانی بە توانا و بێ هاوتای مەدەنی و سەربازی ئەمریكییەوە لە كەشتی M/V Cape Ray لە ناوبراون. ئەمەش سەركەوتنێكی گرنگە لە هەوڵەكانی لەناو بردنی چەكە كیمیاییەكانی سوریا."
ئۆباما گوتیشی: "ئەم كارە بە پێشەنگی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی رۆڵێكی گرنگی هەیە لە هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها ئامانجی هاوبەشمان لە رووی بەكارنەهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمەكەی ئەسەدەوە دژ بە گەلەكەی زیاتر بەرەو پیش دەبات."
ئۆباما ئاماژەی بەوەش كرد، كە "لە نزیكەوە چاودێری هەڵوێستی سوریا دەكەن لەوەی ئایا پابەند دەبێت بەو بەڵێنەی داویەتی بۆ لەناو بردنی ناوەندەكانی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی یاخود نا؟ لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بەو زانیارییە كەموكور و ناكۆكانەی لەبارەی چەكە كیمیاییەكان رژێمی ئەسەد دەدرێت بە رێكخراوی قەدەغە كردنی چەكی كیمیایی كە باس لە بەردەوامی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەكەن، هیشتا هێما بە كیشەی جددی دەكەن و پێویستە تاوتوێ بكرێت."