Barış Seçkin
09 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
ڤاتیکان- AA
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی شاری ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس دوابەدوای سەردانەکەی بۆ عێراق و لە میانی گەڕانەوەیدا بۆ ڤاتیکان، لەناو فڕۆکەدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
یەکێک لە رۆژنامەنووسان ئەوەی وەبیر پاپا هێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لەگەڵ شێخی ئەزهەر، ئەحمەد ئەتەیب لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، "بەڵگەنامەی برایەتی مرۆڤانە"ی دژبە توندڕەوی واژوو کردووە و پرسیاری ئەوەشی لە پاپا کرد کە "ئایا هەنگاوێکی هاوشێوە لەگەڵ مەرجەعی شیعەکان، عەلی سستانی دەگرێتەبەر؟" لە وەڵامدا پاپا فەرەنسیس باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەلی سستانی دووەم هەنگاوی گرنگ بووە بە ئاراستەی برایەتییدا و کۆبوونەوەی دیکەی هاوشێوەشیان دەبێت.
پاپا فرەنسیس لە وەڵامی ئەوەی کە "ئایا کۆبوونەوەی لەگەڵ مەرجەعی شیعەکان پەیامێکە بۆ ئێران؟" گوتی: "پێموایە ئەمە پەیامێکی گەردوونییە. بە ئەرکی سەر شانی خۆمم زانی سەردانی کەسایەتییەکی زانا و مەزن بکەم کە ژیانی خۆی بۆ خودا تەرخان کردووە. تەنها بە گوێگرتن لێی تێدەگەن چ مرۆڤێکە".