نیویۆرک
راگەیاندنەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا بیروڕای جیاوازیان بڵاو کردووەتەوە، لەمبارەیەوە کەناڵی (فۆکس نیوز) بڵاوی کردەوە" سەرۆکوەزیرانی تورکیا رێفۆرمی دیموکراتی کە بۆچارەسەری پرسی کورد رۆڵی سەرەکی ھەیە ئاشکرا کرد" ئەو کەناڵە گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیای گواستووەتەوە سەبارەت بە سەربەستبوونی پەروەردە بە زمانی کوردی لە قوتابخانە ئەھلییەکاندا.
فۆکس نیوز ھەروەھا بەیاخەوە باسی سەربەستکردنی حیجاب، گەڕاندنەوەی ناوە کوردییەکان بۆ گوندەکان و سەربەست کردنی وشە قەدەغەکراوەکانی ئەلف و بێ کوردی کردووە.
لەلایەکی دیکە کەناڵی (بلوومێرگ بیزنیس) بڵاوی کردەوە لە تورکیا قەدەغەکاریی بەردەم حیجابی ئیسلامی و قەدەغەی سەر ئەلف و بێی کوردی ھەڵوەشێنرانەوە. لەکاتی نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردن لەتورکیا ئەو پاکێجە بۆ بەرەو پێشبردنی ماف و ئازادییەکان ھەڵمەتێکی گرنگە.
ئەو کەناڵە باسی ئەوەیشی کردووە لەماوەی ١١ ساڵی دەسەڵاتی ئاکەپەدا، بۆ یەکەمجار لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ئاکەپە رووبەرووی خۆپیشاندانێکی پرۆتستۆیی جەماوەریی بووەیەوە، خۆپیشاندانێک کە بووە جێی بایەخی میدیا جیھانییەکانیش.
لەلایەکی دیکەوە باسی گوتەکانی ئەردۆغانی کرد سەبارەت بە دەستووری بنەڕەتی کودەتای ١٩٨٠ کردووە و نووسیویەتی: سەرۆکوەزیرانی تورکیا دەڵێ لەگەڵ ئۆپۆزسیونی تورکیادا ناتوانن دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا ئامادە بکەن.
ھەروەھا رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) باسی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیای کردووە و نووسیویەتی: بۆ پێکھاتن لەگەڵ کوردانی تورکیا حکومەت پاکێجێکی رێفۆرمی ئاشکرا کرد. رۆژنامەکەی باسی ئەوەی کردووە کە ئەم پاکێجە دەبێتە ھۆی بەرەو پێشچوونی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا کە دەگوترێ تورکیا بە شێوەیەکی توندڕەوانە بەڕێوە دەبا.
ئەردۆغان و پارتەکەی لە ماوەی دوو ساڵدا دوو ھەڵبژاردنی لە پێشە، دیار نییە ئایا ئەم رێفۆرمانە کە زۆر روون و ئاشکرا نین دەتوانن رەخنەکان بێدەنگ بکەن یا نا، ئەردۆغان بە شێوەیەکی سەرسۆڕھێنەر لەڕووی دیموکراتیزەکردنی تورکیاوە بەرەو پێشەوە دەڕوا.
واشنتۆن پۆست لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەیدا باسی لێدوانەکانی ھاوسەرۆکی بەدەپە (گوڵتەن کشاناک)ی کردووە و نووسیویەتی: لەم پاکێجەدا زیاتر لە بەرفراوانتر کردنی چوارچێوەی دیموکراسی بیروڕای سیاسی بە بنەما وەرگیراوە، بۆیە ئەمە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن نییە بەڵکو پاکێجی ھەڵبژاردنە.