واشنتۆن
لە کۆنفرانسی چەند رێکخراوێکی جولەکە بەناوی (جەی ستریت) لە واشنتۆن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ( جۆ بایدن) گوتی "متمانەی ئیسرائیل بە ئەمریکا پاڵپشتێکی باشە جگە لەوە پەیوەندییەکانمان تۆکمەتر دەکات. ئەگەر ئیسرائیل نەبوایە ئیسرائیلێکی دیکەمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان دروستدەکرد".
بایدن گوتی "ئەو وزە ئەتۆمییەی ئێران بەرھەمی دێنێ ھەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل. ھەروەھا ئاسایش و ئارامیی جیھان دەخاتە بەر مەترسی. پێویستە ئێران پلانی داھاتووی خۆی دیاربکا ئایا لەسەر ئەو دوورەپەرێزی و ئاکامە خراپانە بەردەوام دەبێ، یان ئاراستەی سیاسەتیی خۆی دەگۆڕێ و پەیوەندییە سیاسییەکانی بەھێزدەکات؟".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گوتی "ھیچ زانیارییەکم لا نییە لەمەڕ وەستاندن یان چارەسەرکردنی پرۆگرامی وزەی ئەتۆمیی ئێران. پێویستە چاوەڕێی ھەنگاوەکانی پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بکەین".
بایدن ئاشتەوایی نێوان (فەلەستین و ئیسرائیل)ی بە ھەلێکی زۆر باش دانا. بەھۆی ئەو بارە ناجێگیرەی باڵی بەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە.